ڕیكس تیلەرسن: شانبەشانی كورد دەوەستین و پشتگیرییان دەكەین

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، شانبەشانی كورد دەوەستن و پشتگیرییان دەكەن لە جێبەجێكردنی دەستوری عێراقدا بە تەواوی و كار لەسەر كەمكردنەوەی توندوتیژیەكانیش دەكەین.

رێكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەدیداری دامەزراوەی ئەتلانتیكی ئەنجومەنی كۆریا بۆ ٢٠١٧دا ڕایگەیاند سیاسەتی ئێمە هەمیشە لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدایە، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان كە چەند مانگێك لەمەوبەر ئەنجامدرا دژی ئەو یەكپارچەییە بوو وتیشی "كاردەكەین بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەین هەرێم و بەغداد بە یەكپارچەیی دەمێننەوە و پشتیوانی كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان و كاركردن بەپێی دەستور دەكەین كە هەرگیز بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە".

تیلەرسن جەختی لەوەكردەوە شانبەشانی كورد دەوەستن و پشتگیرییان دەكەن لە جێبەجێكردنی دەستوری عێراق بە تەواوی، وە "كاتێكیش جێبەجێ كرا باس لەو سكاڵا و داوایانە دەكەین كە كورد هەیبوون و هیواخوازیشین ئەوە ببێتە هۆی عێراقێكی یەكگرتوو".

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ، سەرەڕای ناڕەزاییەكان لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی دیكەوە هەرێمی كوردستان ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا، ئەوەش وایكرد پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد پێ بنێتە قۆناغێكی نوێی ئاڵۆزییەوە و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.



AM:09:30:13/12/2017