"وشەیەک ڕێگرە لە دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا"

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، وشەی "ڕێزدەگرین" لە بەیاننامەکەی تایبەت بە ڕیفراندۆم بگۆڕن بە وشەی "پابەند دەبین".


عەلی عەلاق بۆ ڕۆژنامەی مەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوان پێیان وایە وشەی ڕێزدەگرین لە ڕووی سیاسییەوە دوو ناوەرۆک لە خۆ دەگرێت، یەکەمیان قبوڵکردنی دادگای فیدراڵیە و دووەم ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە هەرێم ڕایەکی تری هەیە.

هەروەها ڕایگەیاند، عەبادی داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کردووە پابەندی دادگای فیدراڵی بێت و سوریشە لەسەر ئەوەی هەرێم هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە و ئاشکرا لەسەر ڕیفراندۆم ڕابگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕانەگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ جیابوونەوە، بۆیە حکومەت سورە لەسەر بەکارهێنانی مافی دەستور بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان، کە لە ئێستادا لەکارکەوتوون.

لە کۆتایی قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی لیستی دەوڵەتی یاسا، کە یەکێکە لە کەسایەتییە نزیکەکان لە عەبادییەوە ڕایگەیاندووە "جوڵەنەکردن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازەی فیشخاپور لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە ئێستادا، بۆ ڕێگریکردن لە خوێنڕشتن لە نێوان هەردولادا دەگەڕێتەوە، حکومەت بواری بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی نەرم و نیان هێشتووەتەوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بە هیچ شێوەیەک وتووێژ لەگەڵ هەولێردا ناکات، تا ئەو کاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمەکە هەڵدەوەشێنێتەوە".

ئەوە لە کاتێکدایە دادگای فیدراڵی عێراق لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا، بڕیارێکی دەرکرد و بە نادەستوری بوونی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو دەرئەنجامانەی کە لە ڕیفراندۆمەکەوە دروست بوون.



PM:06:07:14/12/2017