لە خانەقین ڕۆژی ئاڵا بەرز ڕاگیرا

سەرەڕای ئەو بارودۆخەی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیە ئەمڕۆ لە خانەقین بە كەرنەڤاڵی جەماوەری ئاڵای كوردستان هەڵكراوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاند "بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای كوردستانەوە هاووڵاتییانی خانەقین دەستیان كردووە بە هەڵكردن و بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كوچە و كۆڵان و شوێنە گشتییەكانی ناو ئەو شارە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد "ماوەی هەفتەیەكە جەماوەری خانەقین خۆڕسكانە دەستیان كردووە بە چالاكی بۆ ڕۆژی بەرزڕاگرتنی ئاڵای كوردستان، هەروەها نووسینی بژی پێشمەرگە و كوردستان لە شوێنە گشتییەكان و لە بەرانبەریشدا حەشدی شەعبی دەستیان كردبوو بە سڕینەوەی دروشمەكان كە بۆ پێشمەرگە و كوردستان نووسرابوون".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمڕۆش بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە خەڵك بە شێوەیەكی خۆڕسكانە و بەكەرنەڤاڵێكی جەماوەری لە بازاڕی خانەقین ئاڵای كوردستانیان كردەوە و لەو لاشەوە حەشدی شەعبیش هێزەكانیان لەناو خانەقین زیاتر كردووە".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە خانەقین ڕۆحی نەتەوەیی بەهێزە و خەڵك بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە بۆنە نەتەوەییەكاندا دەكەن.

لە ساڵی 1999، پەرلەمانی كوردستان ڕۆژی 17/12ی هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی ئاڵای كوردستان دیاری كردووە.

 



PM:01:20:17/12/2017