سەعدی پیرە:كاتی ڕیفراندۆم نەبوو


وتەبیژی یەكێتی ڕایگەیاند، پێویستە بارزانی بەرپرسیارێتی ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبگرێت، چونكە كاتی ڕیفراندۆم نەبوو.

 سەعدی پیرە لە كۆبوونەوەیەكی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیدا ڕایگەیاند "ڕۆژی ٢٢و ٢٣ی ئەیلولی ٢٠١٧ وەك یەكێتی لە كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی پێمان وتن ئێمە پشتگیری دەستپێشخەرییەكەی وڵاتان دەكەین بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام كاك مەسعود وتی: ئەی بۆچی پێشتر قسەتان نەكردووە، تازە درەنگە و چی وەڵامی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بدەینەوە، ئێمەش وتمان دیار نەبوو، وڵاتی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەو شێوەیە دژینی".

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پیرە وتی "بارزانی وتی: باشە، ئەگەر وابێت بەتەنیا لەهەولێر و دهۆكیش بێت دەیكەین، چ دەبێت باببێت، وتمان باشە خۆت بەرپرسیارێتی هەڵەدەگریت، وتی: باشە، بەڵام ئێوە یەك شتم لەگەڵ بكەن، ڕایمەگەیەنن كەلەگەڵی نین و داواش لە خەڵك مەكەن كە دەنگ نەدەن".

وتیشی "بارزانی وتویەتی: ئەگەر فەشەلم هێنا، دەچمە سەر تەلەفزیۆن و دەڵێم یەكێتی ڕای وابوو، ئێستا من لەسەر ئەوەم بیبینم و پێی بڵێم بڕۆ سەر تەلەفزیۆن و بەڵێنەكەت بكە بەكردار".

پیرە ئەوەشی وت: "هەرچەندە من ئەم قسانەم بۆ ئەوە نییە بڵێم كێ لەگەڵی بووە و كێ لە دژی بووە، چونكە سەركردایەتی یەكێتی هەمووی لەگەڵی بوو، بەڵام ئەگەر هەڵەیەك كرابێت، ئەوە هەڵە لە كاتەكەی بووە".

جەختی لەوەشكردەوە، لە ئێستادا زۆربەی وڵاتان داوای گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن، وڵاتان پشتگیری حكومەتی هەرێم دەكەن.




PM:02:03:17/12/2017