دیاری ئەنوەر، پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ئێن ئاڕتی دوای سێ مانگ لە وازهێنانی گەڕایەوە بۆ ئەو کەناڵە.
دیاری پێشتر بە فەرمی وازهێنانی خۆی لەو کەناڵە ڕاگەیاند و دوو ڕۆژ لەمەوبەریش گەڕایەوە سەر شاشەی کەناڵەکە و بەردەوامە لە کارەکەی.
دیاری مانگی ئەیلولی ئەمساڵ لە پێگەی تایبەتی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیبووی "دوای زیاتر لە ٧ ساڵ كاركردن لە تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی ، بڕیارمدا دەست لەكاربكێشمەوە بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئیدارەی ئەو كەناڵە".
دیاری هەروەها نوسیبووی "ڕێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو هاوڕێ و ئەزیزانەی ئەم چەند ساڵە پێكەوە كارمان كرد، ئێن ئاڕتی وێستگەیەكی گرنگ وئەزموونێكی گەلێك باشیش بوو..خۆشەویستیم بۆ ئێوەی ئازیزیش كە هە میشە پاڵ پشت و هاندەرم بوون".
هەر ئەوکات "سپی" بۆ زانینی هۆکاری وازهێنانەکەی پەیوەندی کرد بە ناوبراوەوە بەڵام ئامادە نەبوو هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.
دیاری ئەنوەر، یەکێکە لە بێژەر و پشکەشکارە دیارەکان و ئەو وەک ئەکتەریش لە چەندین شانۆ و درامادا بەشداری کردووە و مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، لە سەرەتای دامەزراندنی ئێن ئاڕتیەوە بێژەر بووە لەو کەناڵە.