وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر داخستنی کەناڵی (NRT) فەرمانێکی وەزاری بڵاودەکاتەوە

بەپێی نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، پەخشی كەناڵی ئێن ئار تی لەسەر داوای هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی داخراوە.

بەپێی ئەو نوسراوە فەرمییە كە ژمارەی 5002 رێكەوتی 19/12ی لەسەرە ‌و  وێنەیەكی دەست سپی كەوتووە خالید عەبدولڕەحمان دۆسكی وەزیری رۆشنبیری‌و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانێكی وەزاری واژۆ كردوە كە تێیدا هاتووە "لەسەر داوای بەشی مۆنیتەرینگ لەوەزارەتمان‌و پەیوەندی تەلەفۆنی بەڕێز (هەڤاڵ ئەبوبەكر)، پارێزگاری سلێمانی كە كەناڵەكانی (NRT) كوردی‌و عەرەبی هانی خەڵك دەدەن بۆ خۆپیشاندان‌و كاری توندوتیژی كە ئەمەش بووەتە هۆی سوتاندنی فەرمانگە حكومییەكان‌و شوێنە گشتییەكان، بۆیە بڕیارماندا بە داخستنی كەناڵەكانی سەرەوە بۆ ماوەی هەفتەیەك لە رۆژی راگرتنیانەوە.

بۆ بەدوادا چوونی هەواڵەكە سپی پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانییەوە كرد بەڵام پەیوەندییەكە سەركەوتوو نەبوو.




PM:08:16:19/12/2017