گۆڕان لەسەر شەهیدەکانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر شەهیدەکانی خۆپیشاندان هاتە دەنگ و پشتگیری داوا رەواکانی خەڵک دەکات و " بەخەمێکی قوڵەقوە سەرەخۆشی لەخانەوادەی شەهیدەکان دەکات.

دەقی راگەیەندراوەکە
بۆ/ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، رای گشتی
پەنا بردن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەر شەقامی شاروشارۆچكەكانی كوردستان دەرئەنجامی شكستی حوكمڕانی و پاوانخوازی و گەندەڵی و ناعەدالەتی چەند ساڵەی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانە.
بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای پشتیوانی تەواوی داواڕەواكانی خەڵك، بەخەمێكی قوڵەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدەكانی ئەمڕۆی خۆپیشاندانەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.
داواش لە هێزەكانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاساییشی ناوخۆ دەكەین رەوتی هێمنانەی خۆپیشاندانەكان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن، روی تفەنگ لە خوشك و براكانیان نەكەن و نەبنە هۆی قوڵبونەوەی كێشەكان و بەلارێدابردنی ئامانجی خۆپیشاندەران وپاراستنی سەرو ماڵ و گیانیان لە ئەستۆ بگرن.
دووبارە داوا لە هاونیشتیمانیان و خۆپیشاندەران دەكەین بە شێوەی شارستانی و دوور لە توندووتیژی ناڕەزایی دەرببڕن و داواكاریەكانیان بە دەسەڵات بگەیەنن.
ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە كە بەدەنگ داواو خواستی خۆپیشاندەرانەوە بێت و هەنگاوی جدی و كردارەكی بنێـت بۆ جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خۆپیشاندەران و چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.
 
بزوتنەوەی گۆڕان
19/12/2017
 



PM:09:59:19/12/2017