"حكومەتی عیراق هێز دەجوڵێنێت بۆ ئارامكردنەوەی رەوشی هەرێم"

وتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە هێزە ئەمنییە كوردەكان ئەركی خۆیان بەجێبهێنن بۆ هێوركردنەوەی رەوشی هەرێمی كوردستان و ده‌شڵێت "حكومەتی عیراق هێز دەجوڵێنێت بۆ ئارامكردنەوەی رەوشی هەرێم و بە ئەركی خۆی هەڵدەستێت بە پێی دەستوور".


سەعد حەدیسی، وته‌بێژی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بە رۆژنامەی سەباحی زمان حاڵی حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، بەغدا چاودێری ناڕەزایەتییەكان و رەوشی ئاسایشی هەرێمی كردووە لە دوو رۆژی رابردوودا و بەرپرسیارێتی حكومەتی فیدراڵییە بۆ گرەنتی ئاسایش و بەرژەوەندی هاوڵاتیان لەسەرانسەری عیراق بە تایبەت هەرێم.

حه‌دیسی وتیشی "لەحاڵی پەنابردن بۆ توندوتیژی و بەكارهێنانی هێز، حكومەتی فیدراڵی بێ دەنگ نابێت و هەوڵ دەدات بەپێی دەستوور بە ئەركەكانی هەڵبستێت لە حاڵی روودانی دەستدرێژی لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە".

روونیشیكردەوە، "دەستوور بە روونی ئاماژەی داوە بە ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندانی هێمنانە و ئەمە مافی هاوڵاتی عیراقە لە هەر بەشێك بێت، حكومەتی عیراق سوورە لە سەر ئەوەی رێز لەم مافە بگیرێت و گرەنتی مافی هاوڵاتی بكرێت لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هێمنانە و پارێزگاری لە موڵكی گشتی و رێنەدان بەبەكارهێنانی هێز دژی خۆپیشاندەران".
 
ماوه‌ی چوار رۆژه‌ خۆپیشاندان لە هەرێم بەڕێوە دەچێت و ژماره‌یه‌كی زۆری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بڵاوه‌یان پێكراوه‌، بۆ بڵاوه‌ پێكردنی خۆپیشانده‌ران و چەند هاوڵاتیەکیش شەهید بوون.



PM:12:16:21/12/2017