بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان داوای سێ کۆبوونەوەی بەپەلە دەکات

بڕیاردەری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستە هەوڵی خێرا بدرێت و بخرێتە گەڕ بۆ سێ كۆبونەوە لەم دامەزراوانەدا و تێیدا بڕیاری گرنگ و یەكلاكەرەوە بدرێت لەبەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیاندا.


عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانەوە جەخت لە كۆبونەوەی بەپەلە دەكاتەوە و لە هەژماری خۆی نوسیویەتی "پێویستە بەخێرایی ئەنجومەنەكانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی كۆبونەوەیەكی تایبەت ئەنجامبدەن لەسەر ئەو ڕوداوو پێشهاتانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ڕوویانداوە لەسنوری هەردوو پارێزگاكە كە تائێستاس بەردەوامیان هەیە".

ناوبراو دەشڵێت "بەپەلە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری كۆبونەوەیەكی تایبەت بدات لەسەرئەو دۆخە ناهەموارەی بەردەوامی هەیە و، هیچ پێویستیش بە كۆكردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران ناكات، بەڵكو ڕاستەوخۆ ئەو سەرۆكایەتیەی هەیە بڕیاری لێبدات".

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان نوسیویشیەتی "پێویستە لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاستەوخۆ دانیشتنێك تایبەت بكرێت بۆ قسەوباسكردنی ئەو ڕوداوو پشێویانەی لەهەرێمی كوردستاندا ڕوودەدەن، ئەو كارەش دەكەوێتە سەرشانی فراكسیۆنە كوردییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دەكرێت لەئێستاوە ئامادەسازی بكرێت بۆئەو مەبەستە".



PM:10:56:22/12/2017