ئاسایشی کۆیە: ١٠ -١٥ خۆپیشاندەرمان دەستگیرد کردووە

بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە كۆیە، ئاشكرای دەكات، نزیكەی 10 بۆ 15 خۆپیشاندەر لەسەر سكاڵای چەند لایەنێكی كۆیە، كە بارەگایان سووتاوە، دەستگیركردووە.

لیوا حەیدەر سەعید، بەڕێوەبەری ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە كۆیە، بە تۆڕی رووداوی راگەیاند: " بەفەرمانی دادوەر كۆمەڵێك خۆپیشاندەرمان دەستگیر كردووە، ئەوانەی دەستگیركراون بە فەرمانی دادوەر ‌و لەسەر سكاڵای ئەو لایەنانە بووە، كە بارەگایان سووتاوە، وەك یەكێتی ‌و پارتی ‌و یەكگرتوو و قائیمقامیەتی كۆیە".

بەرێوەبەری  ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر لە كۆیە ژمارەی گیراوەکان ئاشکرا دەکات، بەڵام ژمارەیەکی روون نادات و دەڵێت "، ئێستا نزیكەی 10 بۆ 15 كەس دەستگیر كراون ‌و چەندین كەسی دیكەش هەن فەرمانی دەستگیركردنیان هەیە، بەڵام سنووری قەزاكەیان بەجێهێشتووە".

بەهۆی خۆپیشاندانەوە لە 19-12-2017 لە سنووری قەزای كۆیە ئەم شوێنانە سووتێندران، قائیمقامیەتی قەزای كۆیە، بارەگاكانی گۆڕان، یەكگرتوو ‌و پارتی، لە شارۆچكەی تەقتەقیش باڵەخانەی دادگا، تاپۆ، شارەوانی، بنكەی پۆلیس، فەرمانگەی كارەبا، پۆستە و گەیاندن، سەنتەری گەنجان، بارەگای پارتی، یەكێتی و گۆڕان سووتێندران.



PM:12:55:23/12/2017