دەوڵەتی یاسا مەرجی کۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم ئاشکرادەکات

پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، حکومەتی عێراقی داوایکردووە هیچ هێزێک لەگەڵ وەفدەکانی هەرێمی کوردستان کۆنەبێتەوە هەتا گرنتی ئەوە وەردەگرن کە "بنەماڵەی بارزانی سەرجەم پارە دزراوەکان دەگەڕێننەوە بۆ وڵات".


ئەمڕۆ شەممە فردەوس عەوادی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە '' نیگەرانییەکانی گەلی کورد دەریدەخات کە کوردەکان دەیانەوێت دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی کۆتایی پێبێت کە بەهۆیانەوە برسی و خەفەتبار بوون''.

عەوادی هەروەها وتویەتی '' پێویستە لەسەر حکومەتی ناوەند ئەم بابەتە بەهەند وەربگرێت و لەگەڵ پێکهاتەکانی کورد کۆببێتەوە، چونکە ئەوانەی ئێستا حوکمی کورد دەکەن، بەهیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی گەلێک ناکەن کە لە دژیان خۆپیشاندان دەکەن''.

ئاماژەی بەوەشکردووە '' حکومەت داوای لە هەموو لایەک کردووە کە بەهیچ شیوەیەک لەگەڵ لایەنەکانی هەرێم کۆنەبنەوە تا ئەو کاتەی بنەماڵەی بارزانی سەرجەم پارە دزراوەکان دەگەڕێننەوە بۆ دەوڵەت و تۆمەتبار و گەندەڵەکان دەداتەوە دەست حکومەتی ناوەند''.



PM:03:20:23/12/2017