وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق سەردانی هەولێر دەکەن
فڕۆکەخانەکان تا کۆتایی ئەم مانگە دەکرێنەوە

وا بڕیارە ئەمڕۆ ٢٤ ی کانوونی یەکەم هەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق سەردانی هەولێر بکەن بەمەبەستی پێکهێنانی ئیدارەی هاوبەش لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم‌و دەروازە سنوریەکان.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم بە سپی راگەیاند" بڕیارە ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٤ کانوونی یەکەم، عرفان حەیالی وەزیری بەرگری عێراق، لەگەڵ قاسم محەمەد ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆ بەمەبەستی رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی ئیدارەی هاوبەش بۆ دەروازە سنوریەکان و هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی سەردانی هەولێر بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، لە نێویشیاندا کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت کۆببنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکەی سپی، دەبێت هەردوولا لەسەر ئەو دوو پرسە تا کۆتایی ئەم مانگە بگەنە رێککەوتن و لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ دەرەوەی عێراق دەستپێبکەنەوە.

سەردانی ئەم وەفدە بەم ئاستەو بۆ ئەو پرسە گرنگانە، یەکەم سەردانە کە لە دوای ریفراندۆم ٢٥ ی ئەیلولەوە دوو بەرپرس لە ئاستی ناوخۆ و بەرگری عێراق سەردانی هەرێم بکەن.   



AM:10:22:24/12/2017