وتەبێژی حکومەت دوایین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچە لەساڵی داهاتوودا دەخاتەڕوو

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە نەبڕدراوە و تەنها گفتوگۆیەک هەیە لەبارەی پێدانی موچەش لەساڵی دهاتوودا دەڵێت "هەوڵدەدەین لەکاتی خۆیدا مووچە بدەین".


لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کریسمس لە شارۆچکەی عەینکاوەی شاری هەولێر، سەفین دزەیی، ووتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند "لەڕێگەی پرۆژە یاسایەکی چاکسازی و پاکسازی کە لەلایەک حکومەتەوە ئامادەکراوە و بڕیارە بدرێتە پەرلەمان حکومەت تەواوی هەوڵەکانی خۆی دەدات بۆ ئەوی بتوانێت لە ساڵی داهاتوودا لە وادەی خۆیدا مووچە بدات".

لەبارەی ئەگەری کەمکردنەوەی مووچەی پێشمەرگە لە ڕایگەیاند مووچەی پێشمەرگە نەبڕاوە و هیچ بڕیارێکیش نەدراوە، بەڵام پرۆژەیەک هەیە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بۆ ئەوەی بزاندرێت بە چی شێوازێک پێدانی مووچە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و باسی لەوەشکرد کە هەندێک نادادپەروەری هەیە.

سەفین دەزیی ڕاشیگەیاند "کۆمەڵێک دەرماڵە هەیە دەکرێت نادادپەروەرییەک هەبێت و پێویستە پێداچوونەوەی بۆ بکرێت، بەڵام وەک بڕین تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە".

سەفین دزەیی جەختیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدات پێداچوونەوە بەکارەکانی خۆیدا بکات بۆ ئەوەی بەشێوازێکی سەردەمیانەتر خۆی بەڕێوەببات، لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی کۆمەڵێک پێداچوونەوە لە وەزارەتی دارایی کراوە بۆ ئەوەی ئابووریی کوردستان بەهێز بکرێتەوە و پێدانی مووچە بەشێوەیەکی سەدەمیانە بێت، ئەوەش پێویستی بەگۆڕینی یاسا هەیە، لەوەشدا پەرلەمانی کوردستان هاوکارە.

وتەبێژەکەی حکومەت وتیشی ، هەموو ئەو چاکسازییانەی کە حکومەت دەیەوێت بیکات کاتی دەوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە خواستی حکومەت ئەوەیە چاکسازی و پاکسازی بکات بۆ ئەوەش پاڵپشتی و پشتیوانی خەڵکی کوردستان، پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی دەوێت.

لەبارەی مەرجەکانی یەکگرتووشەوە بۆ مانەوەی لە حکومەت، دزەیی وتوویەتی "بێگومان ئەوەش لە دڵسۆزی و هەستی دڵسۆزی یەکگرتووی ئیسلامییە، ئەو گرووپەیان کە لەناو حکومەتن ئیشی زۆر باشیان کردووە، ئەو پێشنیازانەی قابیلی جێبەجێکردنن و بەدڵنیاییەوە جێبەجێدەکرێن".



PM:11:22:25/12/2017