چەکی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشت

چەکی پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتە سلێمانی، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمپانیای دابەشکردنی دانەوێڵەش رایدەگەیەنێت "پارەکەمان بۆ رەوانە دەکرێت و بەسەر جوتیاراندا دابەشی دەکەین".


ئەندازیار ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە "رۆژی سێشەممە چەكی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2016 گەیشتۆتە سلێمانی، كە بڕەكەی (18)ملیار دینارەو رەوانەی بانكی هەرێم كراوە، بۆئەوەی پارەكە خەرج بكرێت و بەسەر جوتیاراندا دابەشی بكەین".

وتیشی "لەكۆی 829 ملیار دینار كە وەكو قۆناغی یەكەمی شایستە داراییەكانی جوتیاران لەلایەن بەغداوە بۆ سەرجەم جوتیارانی عیراق خەرجكراوە، تەنیا  (70)ملیار دیناری بۆ هەرێم نێردراوە، كە شایستەی دارایی ساڵی 2016یەو بڕێكی كەمە".

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆی ئەو (70) ملیار دینارەی هەرێم، پارێزگای سلێمانی (18)ملیار دیناری بۆ هاتووەو هەر جوتیارێك (19%)ی پارەكەی بۆ خەرجدەكرێت.

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە راشیگەیاند "لەقۆناغی یەكەمی پارەكەدا، حكومەتی عیراق شایستە داراییەكانی جوتیارانی پارێزگاكانی دیكەی خەرجكراوەو هیچ پارەیەكیان نەماوە".

وتیشی "ماوەی سێ رۆژە حكومەتی عیراق قۆناغی دووەمی شایستە داراییەكانی جوتیارانی خستۆتەسەر حسابی وەزارەتی بازرگانی عیراق كە بڕەكەی ( 829)ملیار دینارە، پێویستە لەو پارەیە هەموو شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم بۆ ساڵەكانی (2014، 2015، 2016، 2017) بدات كە لەلای عیراق ماوە".



PM:10:53:27/12/2017