سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای زیادکردنی پشکی هەرێم دەکات

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوا لەحكومەتی عێراق دەکات پشكی هەرێم زیادبكات و بەجۆرێك بێت بەشی دانیشتوانەكەی بكات، بە پێچەوانەوە هاوكارییەكانی بۆ عێراق رادەگریت.


ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە " كە سەڕەڕای ئەو داوایە، بەڵام پێدەچێت حكومەتی عێراق نەچێتە ژێرباری داواكەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیەوە، بەمەش ئەگەری هەیە بودجەی 2018ی عێراق پەسند نەكرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد كە لێدوانەكانی ئەم دواییەی نوری مالیكی كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە ڕكابەری عەبادی ناودەبرێت وەكو پەیامێكی نەرمی نواندن دەبینرێت بەرامبەر بە كورد، هەربۆیە ڕەنگە عەبادی ناچاربكات نەرمی بەرامبەر بە كورد بنوێنێت.

ئەحمەد حاجی رەشید پێی وایە، "فشارەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و هەروەها فشاری ئەمەریكی و ئەڵمانیەكان لەگەڵ هاوپەمانەكانی مالكی عەبادی ناچاردەكەن نەرمی بەرامبەر كورد بنوێنێت".

بەپێی دەستوری عێراق، بودجەی هەرێمی كوردستان 17% ە، بەڵام بۆ ساڵی 2018 بۆ یەكەمجار ئەم ڕێژەیە كەمكرایەوە بۆ 12.7%،. ئەمەش دوای ئەوەی كورد دەسەلاتی خۆی لەناوچە جێناكۆكەكان لە دەستدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە دوای ووردبینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرن و لە ئێستا داواکراوە لیستی مووچەی وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی بەغدا بکرێت.



PM:07:51:28/12/2017