عەبدولستار مەجید وەڵامی میدیاکانی پارتی دەداتەوە

نوسینگەی وەزیری پێشوی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە ناوبراو هانی فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی بدات تا داوای مانەوەی لە پۆستەكەی بكەن.


راگەیاندنی نوسینگەی عەبدولستار مەجید، وەزیری پێشوی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە  هەواڵێکی سایتی "باسنیوز"ی رەتكردۆتەوە و رایانگەیاندووە، ئەو سایتە وەك پیشەی هەمیشەییان هەواڵێكی بێ بنەمایان بڵاوكردۆتەوە كە گوایا عەبدولستار مەجید وەزیری دەستلەكاركێشاوەی وەزارەتی كشتوكاڵ فەرمانبەرانی وەزارەتەكەی هاندەدات تا داوای مانەوەی لە پۆستەكەی لێ بكەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، عەبدولستار مەجید پۆست و كورسی ئەوەندە لەلا گرنگ نییە تا پێوەی بنوسێ و لە پێناویدا میللەتێك نوقمی قەیران و نەهامەتی و برسێتی بكات، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووشدا هێندە خزمەتی فەرمانبەرانی وەزارەتی كشتوكاڵ و جوتیاران و خەڵكی هەژاركراو و بەشمەینەت كردووە كە بە دەستلەكاركێشانەوەی هەموویان نیگەران و خەمباربوون و بەشێكی زۆریشیان ئامادەنەبوون ماڵئاوایی لێبكەن وەك بەڕێوەبەرە گشتیەكان و بەشێكی زۆری فەرمانبەرانی دیوانی وەزارەت و تەنانەت "شاڵاو مەلا جەمال" بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی كە بۆ چەواشەكردن، ناوی لە هەواڵەكەدا هێنراوە.

نووسینگەی عەبدولستار مەجید ڕایدەگەیەنن ئەگەر هەوڵێكی لەو جۆرە بوونی هەبێت ئەوا فەرمانبەرانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە خۆشەویستی خۆیان بۆ وەزیری دەستلەكاركێشاوەی كشتوكاڵ كردوویانە و ئەزموونی چوار ساڵی ڕابردوو ئەوەی بۆ سەلماندوون كە وەزیر وەك برا بووە لەگەڵیان و زانیویانە ژیان و گوزەرانیان لەدەستێكی پاك و ئەمین و ماندووە.

رۆژی 20-12-2017 بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كشانەوەی خۆیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، عەبدولستار مەجیدیش كە ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامییە وەزیری كشتوكاڵ بوو، بەو هۆیەوە دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوە.

ئەمڕۆش سایتی "باسنیوز"ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەداوە "وەزیری دەست لەکارکێشاوەی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فۆرمێک ئاراستەی سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی دەکات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی داوای مانەوەی لە پۆستەکەی بکەن".



PM:09:39:29/12/2017