ئاوارەکانی خورماتوو دەگەڕێنەوە

به‌ڕپرسی راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی قه‌زای‌ خورماتوو ئاشكرایده‌كات كه‌ پرۆسه‌ی‌ گەڕانەوەی‌ كوردانی‌ خورماتوو ده‌ستپێكردووه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ك خێزانی‌ كورد گه‌ڕوانه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌زاكه‌. 

محەمەد فایەق، لیپرسراوی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتوو له‌ په‌یجی تایبه‌تی خۆی‌  له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیوێتی "دوێنی هەینی 29ی كانونی یەكەمی 2017، 20 خێزانی خورماتوو گەڕاونەتەوەو ئەمڕۆش 80 خێزانی كوردی قەزاكە، گەڕاونەتەوە".

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای خورماتوو ئاشکرای کرد "لەسەرەتای ئاوارەبونی كوردەكانی خورماتوو، تائێستا 25%ی ئاوارەكان گەڕاونەتەوە، بەڵام چڕبوونەوەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لەم دوو ڕۆژەدا بەهەوڵی كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و  كۆمەڵایەتی كورد و توركمان دێت، كە لەماوەی ڕابردوودا كارئاسانیان بۆ ئەو مەبەستە كردبوو".

محەمەد فایەق ڕوونیكردەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی بەگشتی لەگەڵ گەڕانەوەی كوردەكانن، بەڵام تەنها بەشێكی كەم لە عەسائیبی ئەهلی حەق، كە لەتوركمانی قەزاكە پێكهاتوون، دژی گەڕانەوەی ئاوارەكانن".

به‌رپرسی راگه‌یاندنی قایمقامیه‌تی قه‌زای‌ خورماتوو ئاماژەی بەوەدا كە لەبازگەكان پێشوازیەكی گەرم لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكرێت, حەشدی ئەمن-یش كە ئاسایشی قەزاكەیان لەئەستۆ گرتووە، سەرقاڵی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانن بۆ ئەوەی سوتان و دزین و تاوانەكانی دیكە لەقەزاكە كەمبكەنەوە بەتایبەت ئەوانەی دژ بەكورد دەكرێت.



PM:09:27:30/12/2017