په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوا له سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ده‌كات مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه دابه‌شبكرێت و رێگه نه‌درێ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رفی بكا.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێك هۆشیار عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به فه‌ڕمی دوو داوای ئاراسته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كردووه و داوایكردووه كه دابه‌شكردنیی موچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانیی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی، راسته‌وخۆ له لایه‌ن حكومه‌تیی عیراقه‌وه بۆ ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته سه‌رف بكرێ.
داواشیكردووه كه "رێگه نه‌درێ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رفی بكا یا سیستمیی پاشه‌كه‌وتی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكا".
داواكه‌ی تری ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان ئه‌وه‌یه كه "به زوویی لیستی مووچه‌ی تێكڕای وه‌زاره‌ته‌كانیی تر رێكبخرێ و دوای وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی بێ دواكه‌وتن به‌هه‌مان شێوه راسته‌وخۆ سه‌رفبكرێ".
هۆشیار عه‌بدوڵا راشیگه‌یاندووه كه "هه‌وڵه‌كانیی ئێمه به ئاراسته‌یه‌كدایه كه موچه‌ی تێكڕای فه‌رمانبه‌رانیی هه‌رێم وا دابین بكرێ كه به دووربگیرێت له ناكۆكیه‌كانیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا".
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی گۆڕان ئاشكراشیكردووه كه "وابڕیاره به‌م زووانه حكومه‌تیی ئیتیحادی مووچه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی هه‌رێم، سه‌رف بكات".
ئەوەش لەکاتێکدایە وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی هه‌رێم لیستی مووچه‌ی مانگی 12ی 2017ی فه‌رمانبه‌رانه‌كانیان ئاماده‌كردووه و بڕیاره سبەی ڕەوانەی بەغدا بکرێت و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی عیراقه‌وه كه دوو ئه‌ندامی حكومه‌تی هه‌رێمی تێدایه وردبینی تێدا بكرێت و دواتر سه‌رف بكرێت.