دوایین بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی هەرێمەوە ئاشکرادەکرێت

ڕاوێژکارێکی نوسینگەی حەیدەر عەباد ڕایگەیاندووە، لەسەر بنەمای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵ، حکومەتی عێراق پێنج بڕیاری داوە.


ئیحسان شەمەری، ڕاوێژکاری نوسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک  ڕایگەیاندووە "لەسەر بنەمای پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵ، حکومەتی عێراق پێنج بڕیاری داوە".

باسی لە بڕیارەکان کردووە و نوسیویەتی، بڕیارەکان بریتین لە وەرگرتنەوەی خاڵە سنوورییەکان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ فرۆکەخانە و مەرزەکان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ وردبینی لە کەرتی پەروەردە و تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بڕیارەكانی تر بریتین لە خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ بانگهێشتکردنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی حکومەتی عێراق کە لە هەرێمی کوردستانن، بە مەبەستی کۆبوونەوە بەپێی وەزارەتەکانیان.

لەدوای ریفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ەوە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەتەواوەتی رووی لە خراپی کرد، لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا حکومەتی عێراق ناوچە جێناکۆکەکانی بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکرد و لە ئێستاشدا هەوڵی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەستپێکردووە.



PM:11:09:01/01/2018