هۆشیار عەبدوڵا هۆشداری دەدات لە زیادكردنی باج لەسەر هاوڵاتیان

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەداتە حكومەتی هەریچم لە زیادكردنی باج لەسەر هاوڵاتیان و ڕایدەگەیەنێت "زیادكردنەكە بەشێوەیەكی نایاساییە و درێژەدانە بە سیاسەتیی برسیكردنیی خەڵك".

هۆشیار عەبدوڵا، ڕایگەیاندووە "حكومەتیی هەرێم لە هەنگاوێكی نادەستوری و نایاساییدا بە بڕیاری ژمارە 126 ی ساڵی 2017 ی بڵاوكردۆتەوە و بەگوێرەی ئەو بڕیارە بەشێوەیەكی فراوان و لە تێكڕای ئاستەكان باجی خستۆتە سەر هاوڵاتیانی هەرێم".

ناوبراو وەك نوێنەرێكی هەرێم لە پەرلەمانیی عێراق دەڵێت "بەئاشكرا ڕایدەگەیەنین دژی ئەو بڕیارە نایاساییە دەوەستینەوە كە پێشێلكاریەكیی ڕونی ماددەی 28ی دەستوری عێراقیە و ئەوەی پێمان بكرێ لە دژایتیكردن و ڕەتكردنەوە تا دەگاتە شكاتكردن لە مەحكەمەی ئیتیحادی ئەڕۆین لەگەڵیدا لە كاتێكا حكومەتیی هەرێم دەستبەجێ ئەو بڕیارە ڕانەگرێت".

ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئێمە وەك مەبدەئی دژی ڕێكخستنیی باج نین، پێشمان وایە بۆ ئیدارەدانیی تەندروست ڕێكخستنیی باج هەنگاوێكی گرنگە ، بەڵام باج نابێ كاربكاتە سەر ژیانیی ڕۆژانەی خەڵك و ئەگەر حكومەتیی هەرێم بچوكترین شعوری بەرپرسیارانەی بەرامبەر ژیانیی خەڵك هەبوایە لە كاتێكدا خەڵك بەهۆی سیاسەتەكانیانەوە چەند ساڵێكە بێ موچەیە باجی لەسەریان زیاد نەدەكرد".

پێشیوایە "هەمو خەڵكی هەرێم دەزانێت یەكێتی و پارتی چۆن مامەڵە لەگەڵ داهاتیی ناوخۆ دەكەن و سور دەزانن نسبەتی هەرە گەورەی داهاتیی ناوخۆ هەر وەك داهاتی نەوتەكە بۆ خۆیان دەبەن نەك بیخەنەوە خزمەتیی هاوڵاتیان و ژیانیی گشتیی پێچاك بكەن لێرەوە خەڵك متمانەی نیه بەوەی بە باج كایە گشیەكان ڕێكبخرێن بەڵكو داهاتە ناوخۆییەكان دەخرێنە خزمەتیی ئەشخاص و چەند گروپ و خێزانێكی سیاسی".

داواش لە تێكڕای پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجومەنیی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانتارانی كوردستان لە پەرلەمانیی كوردستان و ئەندامانیی ئەنجومەنیی پارێزگاكان و تێكرای ڕێكخراوەكانیی كۆمەڵگەی مەدەنیی وحزب و پارتە سیاسیەكان و میدیا و ناوەندە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەكان دەكات كە بێنە سەر خەت و ئەو بڕیاری زیادكردنیی باجە كە وەك ئەو دەڵێت لە "سەرانە و تاڵانیی دەچێ نەك كارێكی یاسایی ڕەتبكەنەوە".

به‌ پێی بڕیاری ژماره‌ 126ی ساڵی 2017ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان، كه‌ به‌رواری 29ی كانونی یه‌كه‌می 2017 له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ فه‌رمی باج و رسوماتی سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كانی دیاری كرد.

حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە روسماته‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی و رێكه‌وتن له‌ نێوان وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی دیاریكراون و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هۆشداریداوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری پێنه‌دانی باج و رسوماته‌كان، شاره‌وانی به‌ پێی یاسای داهاتی شاره‌وانییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رپێچیكاردار ده‌كات.





PM:01:44:02/01/2018