داواکاری گشتی سلێمانی و ‌هەڵەبجە بریارێکی داواکاری گشتی هەرێم رەتدەکەنەوە

داواکاری گشتی سلێمانی و هەڵەبجە ئەو بڕیارەی داواکاری گشتی هەرێم کە رێگای لێدەگرتن لێدوان بدەن و بەشداری نەکەن لە کۆڕو ۆرک شۆپدا رەتدەکەنەوە.

بەپێی نووسراوێکی داواکاری گشتی سلێمانی و هەولێر کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووەو، بۆ سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم نێردراوە، تیایدا هاتووە" ئێمە ئەندامانی داواکاری گشتی سلێمانی و هەڵەبجە سەرلەبەری نوسراوەکە بە نایاسایی دەزانین".
لە وەلآمەکەی داواکاری گشتی سلێمانی و هەڵەبجەدا هاتووە، " نوسراوەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، هاوکات پێچەوانەی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیارییە کە تێیدا دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە داواکاری گشتیەوە پابەند کردووە بە پێدانی زانیاری پێویست".

هەروەها لە وەلآمەکەدا هاتووە" لەکاتێکدا هەرێم کرانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە لەبواری ئازادی رادەربڕین و شەفافیەت، کەچی ئەم نوسراوە پێچەوانەی تەواوی بنەمای شەفافیەت و ئازادی رادەربڕین و دیموکراتیەتە".

دوێنێ داواکاری گشتی هەرێم نوسراوێکی بۆ داواکاری گشتی سلێمانی و هەڵەبجە کردبوو، لەو نوسراوەدا بڕیاری دەرکردووە کە نابێت داواکاری گشتی لێدوان بۆ میدیاکان بدەن و بەشداری لە کۆڕ و سیمینار و ۆرک شۆپیدا ناکەن.
 



PM:01:30:03/01/2018