ژماره‌یه‌ك چالاكوانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پشووی ڕۆژی دامه‌زراندنی سوپای عێراق له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایی ڕێكده‌خه‌ن.
به‌پێی ڕاگه‌یه‌نراوێك كه وێنه‌یه‌كی دەست "سپی میدیا" کەوتووە له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیی هه‌ولێره‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه ئاماژه به ئه‌وه دراوه كه "بۆ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له دژی ده‌ستدرێژییه‌كانی سوپای عێراق بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و داواكاری بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پشووی فه‌رمیی دامه‌زراندنی سوپای عێراق گردبوونه‌وه‌یه‌ك له شاری هه‌ولێر ڕێكده‌خرێت".
ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه گردبوونه‌وه ناڕه‌زاییه‌كه كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆ ڕۆژی شه‌ممه(6-1-2018) له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی هه‌ولێری په‌رله‌مانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌میانه‌دا ناڕه‌زایی ئاڕاسته‌ی نووسینگه‌كه ده‌كرێت.