ئەمڕۆ کۆبوونەوەی شاندەکەی هەرێم و بەغدا بەڕێوە دەچێت

بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی هەرێم لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق لە بەغداد کۆدەبنەوە.


ڤیان محەمەد حسێن، بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە "ئێن ئاڕ تی"ی ڕاگەیاندووە "ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٣٠ خولەک کۆبوونەوەکەی هەرێم و بەغداد لەسەر موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەش کرد، نوێنەری وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ئیستا لە بەغدادن و هەموو ئامادەکارییەکانیان بەپێی سیستمی بایۆمەتری تەواوکردووە و لە کۆبوونەوەکەدا قسەی لەسەر دەکەن

پێشتر دەرباز محەمەد وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتى عێراق موچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى هەرێم دەنێرێت و وردبینى بۆ لیستى موچەى وەزارەتەکانى دیکەش دەکرێت.

دەشڵێت، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی ڕاگەیاندووە، دواى تەواوبوونى وردبینى لیستى موچەى وەزارەتەکانى پەروەردە و تەندروستى، داوا لە وەزارەتەکانى ترى هەرێم دەکرێت بۆئەوەى لیستى موچەکانیان ڕەوانە بکەن.



AM:09:14:04/01/2018