ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی ئۆپۆزسیۆنی هەرێم بۆ بەغداد دەربڕی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سێ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکەی هەرێم بۆ بەغداد و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا دەربڕی.


هێزەر ناورت لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ڕایگەیاند "خۆشحاڵ بووم کە دوێنێ لە تویتەر وێنەیەکی سێ لایەنەکەی هەرێم و بەغدادم بینی پێکەوە دانیشتبوون و گفتگۆیان دەکرد".

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کۆبوونەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت کە حکومەتی عێراق پێویستی بە ئەمریکا نییە تاوەکو هاوکارییان بکات و دەستبکەنەوە بە گفتوگۆ و دانوستان، چونکە خۆیان ئەو کارە دەکەن و خۆشحاڵیشن کە هەردوولا بەرەو گفتوگۆ دەڕۆن، کە ئەوەش بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنە.

وتیشی: بەردەوام هانی بەغداد و هەرێم دەدەین کە دیالگۆ بکەن و بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.

دوێنێ شاندێکی هاوبەشی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری سەردانی بەغدادیان کرد، لەگەڵ حەیدەر عەبادی و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوونەوە و  لە ڕاگەەندراوێکیشدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد عەبادی بەڵێنیداوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات.



AM:09:30:05/01/2018