هادی عامری: دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی هێزێکی پۆلیسی هاوبەش دەکرێت

سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان دژی هاوڵاتیانی کورد لە دوزخورماتوو خستووەتەگەڕ.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ ئارام شێخ محەمەد لەگەڵ هادی عامریدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی و ڕیشسپی قەزای دوزخورماتوو کۆبووەتەوە و دۆخی قەزاکەیان تاوتوێ کردووە.

لە کۆبوونەوەکەدا عامری ڕایگەیاندووە: دوای پاککردنەوەی تەواوی ناوچەکە و کۆتایهاتنی پرۆسە سەربازییەکان، قەزاکە لەتەواوی هێزەکانی ئێستا چۆڵدەکرێت و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی هێزێکی پۆلیسی هاوبەش دەکرێت.

ئەوەشی وتووە: ئەمەش ئەو گەرەنتیەیە کە ئاوارەکان داوای دەکەن و زامنی دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوەکانی ڕابردووش دەکات.

لەلایەکی دیکەوە ئارام شێخ محەمەد داوایکرد هەوڵی جدی بدەن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخەکە و زەمینەسازیکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.



PM:03:06:05/01/2018