پەرلەمانتارێک وادەی ناردنی مووچەی دوو وەزارەتەکە لە بەغداوە ئاشکرادەکات

 

پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی رای دەگەیەنێت، بڕیارە بەغدا لەم مانگەوە مووچەی فەرمانبەرانی پەروەردە و تەندروستی بنێرێت.


مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆنامەوانیدا ڕاگەیاند "بەپێی بەدواداچونەكانمان و ئەو زانیاریانەی پێمان دراوە پێشبینی دەكەم ئەو مانگە بەغدا مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لیستی مووچەی هەردوو وەزارەت دراوەتە بەغدا و ئەوان لێكۆڵینەوەی تێدا دەكەن.

رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2018، بە فەرمی لە لایەن لیژنەیەك لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشكەش بە بەرپرسانی بەغدا كراوە.

د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھاوکات ئەندامی ئەو شاندەیە کە سەردانی بەغدایان کرد، ڕاگەیاند لیستەكانمان بەو پەڕی وردەكاری و زانیاری داون بە بەغدا پاش لێكۆڵینەوە ئەوانیش سەردانی كوردستان دەكەن ووتیشی  "نیازپاكی لە لایەن لێژنەكەی بەغدا هەبووە، بۆیە چاوەڕوانی هەوڵی جددی ئەوان دەكەن".



PM:06:28:06/01/2018