نێچیرڤان بارزانی: هەفتەی داهاتوو كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكەین

دوای كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕایگەیاند "ئێمە سەرمان سوڕماوە لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە كورد"، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش وتی "هەفتەی داهاتوو كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكەین".

 مەلا بەختیار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوای كۆبوونەوەی شاندنی مەكتەبی سیاسی هەردوولا لە سلێمانی ئەنجامدرا، ئاماژە بەوەكرد باسی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئێمە بەو هەواڵە دڵخۆشین، وتیشی "پێویستە ئەو هەڵانە ڕاستبكەینەوە كە كردوومانە و بە هەموو لایەكمان كێشە ئابورییەكانی خەڵكی كوردستان چارەسەر بكەین".

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتیشی "ئێمە سەرمان سوڕماوە لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە كورد سەرباری ئەوەی مێژوویەكی هاوبەشمان هەیە لە شەڕی دژی داعش".

مەلا بەختیار ئاشكرایكرد، سبەینێ یەكێتی و پارتی كۆوبونەوەیەكی گرنگ سازدەكەن سەبارەت بە دۆخی شاری كەركوك و ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە سیاسەتێكی ڕوونمان بەرامبەری هەبێت.

هاوكات  نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە گرنگ بوو بۆ ئەو قۆناغەی كە لە ئێستادا كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت وتیشی "یەكگرتوویی ناوخۆمان پێویستە بۆ سەركەوتنمان".

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد "ئەوەندەمان گوتووە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا خەڵكمان بێزار كردووە، بۆیە ئێمە ئامادەی گفتوگۆین لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوری عێراق و هیوادارین بەغدا ئەو خواستەی هەبێت بۆ ڕێككەوتن".

نێڤیرڤان بارزانی لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەكان و ئامادەیی یەكێتیەوە بۆ هەڵبژاردن وتی "نەمان بیستوە یەكێتی ئامادە نەبێت بۆ هەڵبژاردن و هەفتەی داهاتوش كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكەین".

دەربارەی سەردانی شاندی سێ حزبەكەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، باشتر وابوو هەموو حزبەكان بە یەكەوە سەردانی بەغدادیان بكردایە نەك تەنها سێ حزب.



PM:02:31:07/01/2018