خورماتوو بەچڕی هاوەنباران كرا

لە بەیانی ئەمڕۆ لەگوندەكانی دەوروبەرەوە سەنتەری شارۆچكەی خورماتوو بە چڕی بۆردوومان دەكرێت و برینداری لێكەوتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە لە كاتژمێر 10:45 خولەكەوە لە گوندەكانی دەوروبەری شارۆكەی خورماتووەوە بە چڕی سەنتەری شارۆچكەكە هاوەنباران دەكرێت بەگوێرەی زانیاریە سەرەتاییەكانیش تا ئێستا نزیكەی 20 هاوەن كەوتوونەتە خوارەوە، بەوهۆیەوە دوو ژن و دوو منداڵ و دوو پیاو بریندار بوون.

ئەگەرچی تا ئێستا زانیاری لەبارەی سەرچاوەی ئەو گروپەوە ئاشكرا نەكراوە كە هاوەنبارانی شارۆچكەكە دەكەن، بەڵام چەند گروپێكی حەشدی شەعبی پەنجەی تۆمەت بۆ خۆبەخشە كوردەكان درێژ دەكەن و دەڵێن "ئەوان لە پشت شاخەكەوەن هەر رووداوێك ڕووبدات ئەوان لێی بەرپرسن".

هاوكات محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو بە "سپی میدیا"ی ڕایگەیاند "ئەمڕۆ لیوای (رد السریع)ی سوپای عێراق گەیشتۆتە ناحیەی سلێمان بەگ و لەكاتی كۆبوونەوەیان لەگەڵ قایمقامیەت هەندێك لە گروپەكانی حەشدی توركومانی تۆپبارانی گەڕەكەكانی خۆیان كردووە و پاشان خستویانەتە ئەستۆی كورد و دواتر تۆپبارانی گەرشەكە كوردیەكانیشیان كردووە"

وتیشی "ئەو گروپانەی حەشدی شەعبی دەیانەوێت پشێوی دروست بكەن تا لە شارۆچكەكە بمێننەوە و نەچنە دەرەوەی شارەكان و هێزەكەی سوپای عێراق بگێڕنەوە".





PM:12:59:08/01/2018