بزووتنەوەی گۆڕان پێشبینی دەنگەكانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئاشكرادەكات

ڕێكخەری ژووری هەڵبژاردنەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات بزووتنەوەكەیان دەستی بەئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن كردووە و پێشبینی بەدەستهێنانی "دەنگی زیاتر" دەكات بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو.

زمناكۆ جەلال، رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی ئامادەكارییەكانی حزبەكەیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان بەئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە "ئێمە لەسەر ئاستی ناوخۆ حیزبێكین بنەمای كاركردنمان هەڵبژاردنەو ئەمساڵیش ساڵی هەڵبژاردنە، كە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، بۆ ئەو مەبەستە زۆر بەچڕی دەستمان بەئامادەكاری‌و كاركردن كردووە و لیژنەی باڵای هەڵبژاردنمان پێكهێناوەو ئامادەین بۆ هەڵبژاردنەكان".

سەبارەت بەپڕۆژە و دەنگۆی دروستكردنی هاوپەیمانی لەنێوان هەرسێ‌ لایەن‌ و پێكەوە بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی داهاتووی وەك دوا وادە بۆ ئەو مەبەستە دیاریكردووە، بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی گۆڕان لەو بارەیەوە وتی "لەسەر ئاستی سیاسی‌و خواستی لایەنەكانی تریش ئێستا جموجوڵێك هەیە لەگۆڕەپانی سیاسیدا بەتایبەت ئەم هەفتەیە، كە هەفتەی یەكلایكردنەوەی هاوپەیمانیەتییەكانە، كۆمەڵێك گفتوگۆ هەیە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا بۆ دروستكردنی كۆمەڵێك هاوپەیمانیی، ئێمەش وەك بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی ئەو گفتوگۆیەین لەگەڵ لایەنەكانی تردا".

ناوبراو هەروەها وتی "بۆ بەستنی هاوپەیمانی‌و بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكان هەموو ئەگەرەكان كراوەن لەبەردەمماندا، بەوەی ئایا بەشێوەی تاك لایەنە بەشداری بكەین یان هاوپەیمانی دروست بكەین، لەم هەفتەیەدا سەرقاڵی گفتوگۆو لێكدانەوەی لایەنەكانین و هەر شتێك لە بەرژەوەندی دۆزی كوردی‌و خۆماندا بێت، ئەوا دواجار بڕیاری لە بارەوە دەدەین".

سەبارەت بەسەردانی هەفتەی رابردووی شاندی هاوبەشی هەرسێ‌ لایەن بۆ بەغداو گفتوگۆكردنیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن‌و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، زمناكۆ جەلال لەوەڵامدا وتی "دوو هاوپەیمانی هەیە، كە یەكەم لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانەو ئەوەی دووەم دوای هەڵبژاردنەكان دەكرێت، زۆر گفتوگۆ كراوە، بەڵام بە قووڵی نەچوونەتە نێو ئەو بابەتانەی، كە باس لە هاوپەیمانی بكات، لەبەر ئەوەی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان بینراوەو ئەوانەش هەموو دابەشبوون بەسەر هاوپەیمانی و بەرەی جیاوازدا، ئەوەش كاتی زیاتری دەوێت‌و بەو زوویە ئەنجامی نابێت، بەدووری دەزانم لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە كوردی و عێراقییەكان ببەسترێت، ئەگەر هەر هاوپەیمانییەتییەك هەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت رەنگە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنەكانەوە".

رێكخەری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كرد، پێشتر تێبینی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان خستووەتەڕوو، ئەوان چەند داواكارییەكیان هەیە پێش هەڵبژاردنەكانی هەرێم، دیارترینیان پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كە بەوتەی ئەو نزیكەی 500 هەزار ناوی دووبارەو مردوو و ئاوارە لەو تۆمارەدا هەیە.

بەرپرسەكەی بزووتنەوەی گۆڕان، بەدووری دەزانێت دروستبوونی چەند قەوارەیەكی نوێ‌ بۆ بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق‌و هەرێمی كوردستان هیچ كاریگەری لەسەر دەنگەكانی ئەوان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بكات، بەپێچەوانەوە پێشبینی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر دەكات بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی رابردوو.

بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی هەشت كورسی پەرلەمانی عێراق و 24 كورسی پەرلەمانی كوردستانەو حكوومەتی عێراق مانگی ئایاری داهاتووی وەك وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری كردووە، هەرچی هەرێمی كوردستانیشە لە زاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كە پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەشاری سلێمانی رایگەیاندبوو، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەسەر گفتوگۆكردن و دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان كۆدەبنەوە.



PM:01:23:09/01/2018