"مووچە پاشەکەوتکراوەکان لەرێگای حسابی بانکیەوە چارەسەر دەکرێت"

وتەبێژی سیستەمی بایۆمیتری نوێترین زانیاری لەسەر چارەنووسی مووچە پاشکەوتکراوەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت" بەپێی پلانی حکوومەت بڕیارە لە قۆناخەکانی داھاتوودا لە رێگەی بایۆمەتری حیساب بانکی بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە".

سەمیر هەورامی وتەبێژی سیستەمی بایۆمەتری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایەگەیاند " ئەوەی مووچەی لێ پاشەکەوت کراوە پاشکەوتەکەی دەخرێتە نێو ژمارە حیسابییەکەی و ئەوەش لە لایەن حکوومەت بڕیاری بۆ دەرکراوە بەوەی ئەو بڕە پارەی لە مووچەخۆران پاشەکەوت کراوە دەخرێتە نێو ئەو ژمارە حیسابییە، بەڵام بە رەقەم دەبێت و سیولە نابێت" .

سەبارەت بەوەی لەو ژمارە بانکییە چەندە دەتواندرێت قەرزەکانی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی تری لێ بدرێت، ئەو بەرپرسەی حکوومەت وتی ”بۆی ھەیە لە داھاتوودا حکوومەت بڕیار بدات کە بۆ ھەر مووچەخۆرێک ھەیە مامەڵە بەو ژمارە بانکییە بکات".
کۆی مووچە نەدراوەکانی فەرمانبەران، بەبێ مووچەی خانەنشینان لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٧ بریتییە لە ٩ مووچەی تەواو، وەزارەتی داراییش بە نووسراوی فەرمی ئەو مووچانەی بە پاشەکەوت ئەژمار کردووە.

د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژی کوردستان رای گەیاند، ئەو پێشنیازانەی بۆ حکوومەت کراوە بۆ کردنەوەی حیساب بانکی بۆ فەرمانبەران پەسند کراون، بەڵام دەوەستێتە سەر دۆخی دارایی، وتی: ”دەبێ مووچە پاشەکەوتکراوەکان بچنە حیساب بانکیی ھەموو فەرمانبەرێک، دەبێ رەقەم حیسابێک بکرێتەوە، پاشان حکوومەت بەپێی داھاتی خۆی بیداتەوە، یان بیخاتە بری قەرزەکانی خۆی".

جەختیش دەکاتەوە: ”مووچە پاشکەوتکراوەکانی فەرمانبەران لە ٩ ترلیۆن دینار زیاتر بووە و مانگ بە مانگیش زیاتر دەبێت، بۆیە لەسەر حکوومەت قەرزە و چۆنیەتیی دانەوەکەشی دواتر روون دەبێتەوە و بڕیار و رێنمایی پێویست دەبێت".



PM:06:25:09/01/2018