وەزیری دەرەوەی توركیا: نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو

حكومەتی‌ توركیا ڕیفراندۆمەكەی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەكارێكی‌ هەڵیت و پەڵیت ناودەبات و دەڵێت " نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو".

مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانی‌ ئاژانسی‌ هەواڵی‌ ئەنادۆڵی‌ توركیادا ڕایگەیاند "نێچیرڤان بارزانی پابەندی ڕێككەوتنەكان بوو و لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشدا نەبووە".

چاوش ئۆغلۆ ئەوەشی‌ ڕونكردەوە، "بەهیچ شێوەیەك سزای‌ برا كوردەكانەكانمان نادەین، بەر لەئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆمیش مەسعود بارزانی‌ و هەرێمی‌ كوردستانمان لەكاریگەریی و كاردانەوەكانی‌ ئەو پرۆسەیە ئاگاداركردەوە، بەڵام گوێیان لێنەگرتین".

ناوبراو باسی‌ لەوەشكرد، بەگوێرەی‌ دەستوری‌ عیراق، فڕۆكەخانەكان و دەروازە سنوریەكان دەبێت لەژێر ئیدارەی‌ حكومەتی‌ عیراقدابێت، "ئێمەش وەك دەوڵەتێكی‌ دراوسێ هەوڵدەدەین هەرێم و بەغدا بگەیەنینە ڕێكەوتن لەسەر ئەو كێشەیە".

وەزیری‌ دەرەوەی‌ توركیا ئاشكراشیكرد، بەر لەئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم بەشێكی‌ زۆری‌ پارت و لایەنە سیاسییەكانی‌ كوردستان لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم نەبون بۆیە دەبێت ئێستا هەولێر پابەندی دەستوری‌ عیراق بێت، و دەڵێت "ڕیفراندۆم هەڵیت و پەڵیتەو نابێت بەرپرسانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هەوڵی‌ گۆڕینی‌ سنورەكانی‌ عیراق بدەن".



AM:11:38:10/01/2018