دەمیرتاش کۆتایی بە کارى سیاسی هێنا

 

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە ڕایگەیاند، کۆتایی بە کارى سیاسی هێناوە و ئێستا شەڕ لە پێناو دیموکراتی و ئازادی و ئاشتی و مافەکانی مرۆڤدا دەکات.


سەڵاحەدین دەمیرتاش،هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە" لە چاوپێکەوتنێکى ماڵپەڕی فرانس پرێس، وتی "پلانی نیە لە هیچ هەڵبژاردنێکی داهاتوودا بەشداری بکات".

دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە هەموو کاتێکدا ئامادەیی تێدایە کە بەرگری لە هەڵوێستی خۆی بکات و لەبەر ئەوەیە کە پلانی نیە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی پارتی هەدەپە یاخود کاندیدی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانتاری تورکیا بێت.

دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەکردووە کە ئێستا لە زیندان هەفتانە یەک کاتژمێر خێزانەکەی دەبینێت و هەوڵیداوە بە نوسین و خوێندنەوە ئیرادەی بەهێز بکات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکى ئەو کاتى هەدەپە لە ڕۆژى ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٦ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى تورکیاوە دەستگیر و زیندانیکران.

تا ئێستا داواکارى گشتیى تورکیا ٩٣ سکاڵای لە دژى دەمیرتاش تۆمارکردووە و جارێکیش داوایکردووە دەمیرتاش دوو جار زیندانى هەتاهەتایى و ٤٨٦ ساڵ زیندانى بکرێت و جارێکیتریش داوایکردووە، دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانى بکرێت و تا ئێستاش سکاڵاکان و
پرۆسەى دادگایى بەردەوامیى هەیە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ١٠ى نیسانى ١٩٧٣ لە شارۆچکەى پالۆى سەر بە شارى ئەلازیخ لە باکوورى کوردستان لە دایکبووە. باوکى ناوى تاهیر و دایکیشى ناوى سادییە، شەش خوشک و براى هەیە و براىەکی گەریلایە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵى ٢٠٠٢ هاوسەرگیریى لەگەڵ کچێکى هاوڕێى منداڵیى بە ناوى باشاک کردووە، کە لە ئێستادا پیشەکەى مامۆستایە. سەڵاحەدین و باشاک دوو کچیان بە ناوەکانى دەلال و دلدا هەیە.

دەمیرتاش کۆلێژى یاساى لە زانکۆى ئەنقەرە تەواو کردووە و بووە بە پارێزەر. لە ساڵى ٢٠٠٦ دەبێتە سەرۆکى نووسینگەى کۆمەڵەى مافى مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد.

لە ساڵى ٢٠٠٧ لەلایەن دەتەپەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆ لە شارى ئامەدەوە بەشداریى لە هەڵبژاردنى پەرلەماندا کرد وسەرکەوتنى بە دەستهێنا.

لە دواى ئەوەى لە ساڵى ٢٠٠٩ بە بڕیارى دادگاى حکومەتى تورکیا دەتەپە داخرا سەڵاحەدین دەمیرتاش بەردەوامیى کارە سیاسییەکان گواستەوە بۆ ناو حزبى ئاشتى دیموکراسى (بەدەپە). لە دووەمین کۆنگرەى بەدەپە و لە ساڵى ٢٠١٠ بۆ پۆستى هاوسەرۆکایەتیى ئەو حزبە هەڵبژێردرا.

لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیا لە ساڵى ٢٠١١ لە جۆڵەمێرگەوە وەک پاڵێوراوى سەربەخۆى بەشداریى لە هەڵبژاردندا کرد و لەو خولەشدا سەرکەوتنى بەدەستهێنا و بوو بە نوێنەرى خەڵکى جۆڵەمێرگ لە پەرلەمانى تورکیا.

لە دواى ئەوە لە ساڵى ٢٠١٢ پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) دامەزرێنرا، بوو بە هاوسەرۆکى هەدەپە و تاوەکو ئێستا لە ناو هەدەپە بەردەوامە لە کارە سیاسییەکانی.

لە دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى تورکیادا ١ى تشرینى ٢٠١٥ خۆى لەسەر لیستى هەدەپە و لە شارى ئیستانبولەوە بۆ پەرلەمانى تورکیا پاڵاوت. لە ئێستادا هەدەپە خاوەنى ٥٩ کورسییە لە پەرلەمانى تورکیادا.



PM:12:36:11/01/2018