داواکاری گشتیی سلێمانی سکاڵای یاسایی دژی ئەو هێزانە دەجوڵێنێت کە لە خۆپیشاندانەکاندا سەرپێچییان کردووە

بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتیی سلێمانی ڕایگەیاند سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو هێزانەی ئاسایش دەجوڵێنن کە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا سەرپێچی و تاوانیان ئەنجامداوە.


بەختیار عەلی، لە نووسراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کردووە ڕایگەیاند "لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ١٨ی ١٢ی ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی ئاسایش لە سنوری سلێمانی و قەزا و ناحیەکانی هەستان بە هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی نایاسایی نزیکەی ٤٠٠ خۆپیشاندەر بەبێ فەرمانی دادگا".

هەروەها دەشڵێت "هەر لەو ڕۆژەدا ڕابون مەعروف ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستەبەسەر کراوە، هاوکات شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێش لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە فرۆکەخانەی سلێمانی دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار فڕێندراوە".

ڕاشیگەیاندووە "هەرچەندە شاسوار عەبدولواحید دوای دوو ڕۆژ دادگا بڕیاری ئازادکردنی بە کەفالەت دەردەکات، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بڕی کەفالەتەکی لێ وەرناگرن بۆ ئەوەی بە ڕاگیراوی بمێنێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو ئەم ڕووداوانە پێشێلکردنی زەقی یاسا و مافەکانی مرۆڤە و داواش لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دەکات ئاگاداری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئاگاداربکاتەوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژی بەرپرسانی ئەو پێشێلکاریانە لە هێزەکانی ئاسایش.

هەروەها دەشڵێت: ئێمە لای خۆمان سکاڵای یاسایی لەدژی ئەو کارانەیان کە تاوان پێکدەهێنن دەجوڵێنین. 



PM:04:07:11/01/2018