بکوژی دوو کەسەکەی شۆڕش دەستگیرکرا

 ئەو کەسەی دوێنێ لە بەردەم مزگەوتێکدا لە ناحیەی شۆڕش دوو هاوڵاتی کوشت، بەهەوڵی هێزە ئەمنیەکانی سنورەکە دەستگیرکرا.

ڕەمەک ڕەمەزان ، قائیمقامی چەمچەماڵ بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند: دوای ڕووداوەکەی دوێنێ، سەرجەم هیزە ئەمنیەکانی سنورەکە راسپێردران بۆ لیکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تۆمەتباری ڕووداوەکە و سەرجەم بازگەکانی سنورەکە ئاگادار کرانەوە کە تەقەکەرەکە دەستبەسەر بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە درەنگانی ئەمشەودا، کەسەکە دەستگیرکرا و بەفەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە و دواتر دانی ناوە بە تاوانەکەیدا.

هەروەها وتیشی: بە پێی دانپێدانانەکانیدا، چەند ساڵێک بەر لەئیستا، کێشەی لەگەل یەکێک لەو هاوڵاتیانەدا هەبووە کە کوشتوویەتی.

ڕاشیگەیاند، دانی بەوەدا ناوە کە تەقەی لە نوێژخوێنان نەکردووە و تەنیا ویستوویەتی ئەو هاوڵاتییە بکاتە ئامانج، بەڵام کەسێکی دیکەش پێوەبووە.

دوێنێ دوای نوێژی هەینی، بەهۆی دەستڕێژی گوللـەوە لە ناحیەی شۆڕش، دوو هاوڵاتی بەرکەوتن و یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستدا.

بە وتەی قایمقامی چەمچەماڵ، هیچ کام لەو دوو هاوڵاتییە دانیشتوونی ناحیەکە نەبوون و تەنیا بۆ سەردانکردن چووبوونە ناحیەکە.
قائیمقامی چەمچەماڵ سوپاسی هێزە ئەمنیەکان دەکات کە بەشێوەیەکی زۆرلەخۆ بووردوانە هەوڵەکانیان خستەگەڕ و توانیان لەماوەی 24کاتژمێردا بکوژەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن ، هاوکات سوپاسی هاوڵاتیان دەکات کە لەم ڕووداوانەدا هاوکار و هەماهەنگن و زانیاری بە دەزگا ئەمنیەکان دەدەن .

ئاری فاتیح



PM:03:25:13/01/2018