لەبارەی جۆزەی 16 ئەمپێریەوە بڕیاردرا

لە قەزای سەیدسادق بڕیار درا بە دانانی جۆزەی 16 ئەمپێری بۆ ماڵان و خاوەن مۆلیدە ئەهلیەكانیش سەرپشك كران بە مانەوە یان لابردنی مۆلیدەكانیان.


دیاری ڕەفیق، قائیمقامی قەزای سەیدسادق لە كۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد، "نوێنەری لایەنە سیاسیەكان و چین و توێژە جیاوازەكان ڕەزامەند بوون بە دانانی جۆزەی 16 ئەمپێری لەبەرامبەر پێدانی 20 كاتژمێر كارەبا بەهاوڵاتیان، بۆ ئەو مەبەستەش لەم هەفتەیەدا لەلایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە دەست بە دانانی جۆزەكان دەكرێت".

وتیشی، " ئەو جۆزانەی بڕیارە بۆ هاوڵاتیان دابنرێن لە جۆری شنایدەری ئەڵمانییە و گرێبەستی كڕینی ئەو جۆزانەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانییەوە واژۆكراوە و هەر ئەوانیش جۆزەكان بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، كە پێدەچێت بڕی 19 هەزار دیناری تێ بچێت بۆ دانانی هەر جۆزەیەك".

قائیمقامی سەیدسادق جەختیشكردەوە، "دوای دانانی ئەو جۆزە 16 ئەمپێرییە لە قۆناغی یەكەمدا مۆلیدە ئەهلییەكانیش دەمێنن تا ئەو كاتەی دڵنیابوینەوە، كە 20 كاتژمێر كارەبا دەدرێتە هاوڵاتیان، دواتر هاوڵاتیان و خاوەن مۆلیدەكان خۆیان سەرپشكن چ بڕیارێك دەدەن لەبارەی مانەوە یاخود لابردنی مۆلیدەكانیان".



PM:04:16:14/01/2018