ئازاد جوندیانی: حیزبە کوردستانییەکان خۆیان لە کەرکوک بێدەنگ کردووە

ئازاد جوندیانی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت " " بەداخەوە زۆر لە حزبەکانی کوردستان یان خۆیان لە کەرکوک بێدەنگ کردووە، یان بە شێوەیەکی شەرمنانە باسی لێوە ئەکەن".
 
ئازاد جندیانی , ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پێشووی یه‌كێتی لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی (هەڵبژاردنەکانی کەرکووک زیانە!) نووسیویەتی ، ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق داوە و لەبارەی کەرکووکەوە ڕوونی کردووەتەوە: "کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ھاوشێوەی لە 16 ئوکتۆبەری 2017ەوە داگیرکراون و بەو پێیەش لە دۆخێکی تەواو نائارام و نائاساییدان. نیشانەکانی نائاسایی بوونیان بەڕوونی دیارن : بەعەربکردن، تۆقاندن، تیرۆرکردن، ئاوارەبوونی دەیان ھەزار کورد، سووتاندن و ڕووخاندنی سەدان دوکان و خانووی کورد، دووبارە رادەستکردنی زەوی کوردان بەعەرەبەھاوردەکان کە بەپیێی یاسا لێیان سەنرابووەوە، لادانی دەیان بەرپرسی کورد لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و لەھەمووشی زۆرتر سوکایەتیکردنی بەبەرنامە لەدژی ھاووڵاتیانی کورد و ڕەمزەکانی".
 
جوندیانی باس لەوە دەکات کە بەغدا بەردەوام وا نیشان دەدا کە ئەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی نائاسایی کردووە، ریفراندۆم بوو، لەکاتێکدا ئەگەر ئەو لایەنەی ھۆکاری نائاسایی بوونی ئەو ناوچانەیە و ئۆباڵەکەی کەوتۆتە ئەستۆ، "دەسەڵاتی بەغدا خۆیەتی"، چونکە لە 2006ەوە پابەندیی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری کەوتووەتە ئەستۆ، بەڵام نەیکردووە. جگە لەوەش لەشکرکێشی کردووەتە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە داگیری کردوون و کوشت و بڕ و تەعریبکردنەوە و وەدەرنانی خەڵکی کورد "تاوانێکی دیکەیە کە بەداخەوە زۆر لە حزبەکانی کوردستان یان خۆیان لێ بێدەنگ کردووە، یان بە شێوەیەکی شەرمنانە باسی لێوە ئەکەن".
 
ئازاد جندیانی لە وتارەکەیدا دەڵێت " باشتر وایە کورد لەو ناوچانە بەشداری نەکا و لەبری ئەوە، بەئاشکرا و ڕاگەیەندراوی، خۆی بۆ (مانگرتنێکی مەدەنی) ئامادە بکا و خەڵکی ناوچەکانی ھەرێمیش ھاودەنگ و ھاوھەڵوێستی بن".
 
جوندیانی ڕێوشوێن بۆ بیرۆکەکانی دادەڕێژێت و دەڵێت" با کوردی کەرکووک و ئەو ناوچانە لە میانی عسیانێکی مەدەنیدا دەنگی خۆیان بدەن، نەک لە هەڵبژاردنێکدا "کە هیچی بۆ ئەوان تێدا نییە".
وا بڕیارە ١٢ ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت، لایەنە کوردیەکانیش بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.



PM:09:37:14/01/2018