یوسف محەمەد: ده‌رگای هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه‌مان كراوه‌یه‌

د. یوسف محەمەد، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمان رایگه‌یاند كه‌ ده‌رگای‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌یان بۆ هه‌موو كه‌سایه‌تیی و لایه‌نه‌ نیشتمانییه‌كان كراوه‌یه‌.


پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، نوێنه‌رانی هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌ (موزه‌ین گونه‌یش و عابد ئیكه‌) سه‌ردانی د.یوسف محه‌مه‌دیان كرد و پیرۆزبایی ده‌ستنیشانكردنیان وه‌ك سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمان لێكرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، له‌باره‌ی ڕه‌وشی زیندانیكردنی نوێنه‌رانی گه‌ل و سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی باكور و خه‌باتی ئازادیخوازیی كورد له‌پارچه‌كانی كوردستان گفتوگۆیان كرد و هه‌ردوولا نیگه‌رانی خۆیان سه‌باره‌ی به‌ پێشێلكاریی ئازادی ڕاده‌ربڕین و زیندانیكردنی نوێنه‌رانی كورد له‌ باكور ده‌ربڕی.

سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌دا، یوسف محه‌مه‌د وتی "هاوپه‌یمانی نیشتمان، هاوپه‌یمانی هه‌مو ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ و خه‌باتی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی و شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌، كۆتایی به‌م قۆناغه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق بێنن".

ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ "ده‌رگای هاوپه‌یمانییه‌تییه‌كه‌ كراوه‌یه‌ بۆ هه‌مو ئه‌و كه‌سایه‌تی و لایه‌نانه‌ی خه‌می نیشتمان و خه‌می هاوڵاتیان خستووه‌ته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆیانه‌وه‌".

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان راگه‌یاند.

گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌ و دادپه‌روه‌ری‌ رێككه‌وتوون له‌سه‌ر دیاریكردنی‌ د.یوسف محه‌مه‌د بۆ سه‌رۆكی‌ قه‌واره‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان.



PM:11:08:14/01/2018