وادەی دابەشکردنی موچەی مانگی 10 ڕاگەیەندرا

وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستکردنەوە بەدابەشکردنی بەموچە ئاشکرادەکات و سەرچاوەیەکی بەرپرسیش لەو وەزارەتە ڕایدەگەیەنێت، "ئەوان وەکو دارایی چاوەڕوانی 20 تا 25ی ئەم مانگە دەکەن بۆ دابەشکردنی موچە".


مەولود سابیر، بەڕێوەبەری بانك لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكردوە، بۆ دەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران چاوەڕوانی هەفتەی داهاتوو دەكەن، "ئەگەر بەغدا لە 20 بۆ 25ی مانگ پارەی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی بنێرێت، ئەوە وەزارەتی دارایی دەتوانێت بەئاسانی موچەی وەزارەتەكانی دیكە دابەشبكات".

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دارایی بەمیدیاكانی پارتی وتوە:"ئەگەر بەغدا موچەی ئەو دوو وەزارەتە بنێرێت یان نەینێرێت، ئەوە لەدوای 20-1-2018 دەست بەدابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت".

ڕونیشیكردۆتەوە، ئەگەر 20 تاوەكو 25ی ئەم مانگە بەغدا موچەی پەروەردەو تەندروستی ڕەوانە بكات، ئەوا دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئاسانتر دەبێت، وەكو ئەو وتویەتی:"ئەگەر بەغداش نەینێرێت، موچە بەردەوامدەبێت و ناوەستێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی ئاشكراشیكردوە، بۆ موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم بەم شێوازەی ئێستا، وەزارەتی دارایی پێویستی بە 450 ملیار دینار هەیە.

لێدوانی ئەو بەرپرسەی دارایی لەكاتێكدایە، تائێستا خانەنشینانی هەرێم موچەی مانگی ئاداری ساڵی 2017یان پێنەدراوەو فەرمانبەرانیش تەنها موچەی مانگی ئەیلول (مانگی نۆ)یان وەرگرتوە.



AM:10:13:16/01/2018