كەشناسی هەرێم وادەی بەفربارینی لەم هەفتەیەدا ڕاگەیاند

كەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە، بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە، شەپۆلێكی بارینی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوێكیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاندووە "پێشبینی دەكرێت ڕۆژی پێنجشەممە ١٨-١-٢٠١٨ لە كاتەكانی بەیانی زوودا، كاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریای ناوەڕاست و هاتنی بارستە هەوایەكی سارد لە ناوەڕاستی ئەوروپاوە، كاربكاتە سەر تەواوی ناوچەكەمان".

كەشناسی دەشڵیت "ڕۆژی پێنجشەممە، باران بارین بە شێوەیەكی پچڕپچڕ لە ناوچەی جیاجیا دەبارێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان دەبارێت".

سەبارەت بە پێشبینییەكانی كەشوهەوا بۆ ڕۆژی هەینی كەشناسی دەڵێت "ڕۆژی هەینیش ئاستی باران و بەفر بارین زیاتر دەبێت، دوای زیادبوونی كاریگەری ئەم شەپۆڵە، بە شێوەیەك لە تەواوی ناوچە شاخاویەكان ئەو ناوچە شاخاوییانەی كە بەرزیەكەیان لە هەزار مەتر زیاترە بەفر دەبارێت، لەگەڵ زیادبوونی كاریگەری ئەو شەپۆلە لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و دهۆكیش ئەگەری بەفر بارین هەیە".



AM:11:35:16/01/2018