یەکگرتووی ئیسلامی لە حکومەتی هەرێم کشایەوە

سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی رایگەیاند کە یەکگرتوو لە کابینەی نێچیرڤان بارزانی دەکشێتەوە.

 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەری دا سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کە کەمێک پێش ئێستا لە هەولێر سازیکرد وتی" دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت بۆمان دەرکەوت کە ناتوانن هەندێ لەو خاڵە بنەڕەتییانەی کە ئێمە داوامانکردووە جێبەجێی بکەن بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکگرتوو ، بەکۆی دەنگ بڕیاری کشانەوە لە حکومەت دەرکرا".

سەلاحەدین محەممەد، ئاشکرای کرد بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی یەکگرتوو بڕیاری کشانەوەیان لە حکومەت داوە.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو وتیشی " حکومەتی ھەرێم ناتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات، یەکێتی و پارتی زۆرینەی دەسەڵاتیان لەم کابینەیەدا لەدەستدابووە و دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆ بگرن".

دوو رۆژە یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکی چڕ و پڕ و درێژدایەو کەمێک پێش ئێستا بڕیاری کشانەوەی راگەیاند.

رۆژی ٢٣ کانوونی یەکەم سەرکردایەتی یەکگرتوو یاداشتێکیان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردو ماوەی ١٥ رۆژیان بۆ دەستنیشانکرد، ئەگەر بەدەم داواکانیانەوە نەچن، لە حکومەت دەکشێنەوە.











PM:09:56:16/01/2018