سوپای تورکیا ئامادەباشی گەیاندە بەرزتری ئاست

سوپای تورکیا باری ئامادەباشی لەسەر سنوری سوریا گەیاندە بەرزترین ئاست و بەشێک لە دیواری سەر سنوریشی لابرد.


میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە سوپای تورکیا بەشێک لە دیواری سنوری وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا لە ١٢ ناوچە لابردووە کە نزیکن لە عەفرینەوە و ئامادەباشی لەسەر سنوری سوریا گەیاندە بەرزترین ئاست.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، ئەم هەوڵەی سوپای تورکیا هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سوریا بۆردومانی پێگەکانی یەپەگەیان کردووە لە عەفرین.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لەماوەی ڕابردوودا تورکیا هێزێکی زیاتری ڕەوانەی پارێزگای هەتای و کلیس کردووە لەنزیک عەفرین.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنقەرە هەڕەشەی هێرشی سەربازی کتوپڕی کرد بۆ سەر عەفرین ناوچەکانی تری ژێر دەسەڵاتی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.

هەڕەشەکانی تورکیا دوای ئەوە هات کە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات، بە مەبەستی دروستکردنی هێزێک کە ژمارەیان ٣٠ هەزار کەس دەبێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەڕەشەی هێرشی سەربازی کرد بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندایە لە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک ئاماژەیەک بۆ یەپەگە ڕایگەیاند عەفرین بەسەر "تیرۆرستاندا" دەڕوخێنین



PM:12:42:18/01/2018