پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا ناوەرۆکی کۆبوونەوەی عەبادی و وەفدی هەرێم ئاشکرادەکات

پەرلەمانتارێكی دەوڵەتی یاسا باس لەوە دەكات كە حەیدەر عەبادی لەمیانی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەفدەكەی هەرێمی كوردستاندا رایگەیاندووە كە "سەردەمی بازدان بەسەر دەستوور بەسەرچووە".


جاسم بەیاتی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا كە بەیەكێك لە كەسایەتییە نزیكەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەژمار دەكرێت رایگەیاند حەیدەر عەبادی بەڕوونی بە وەفدەكەی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە كە سەردەمی جیاكاری و بازدان لەسەر دەستوور و یاسا بەسەرچووە و سازشكردنیش كۆتایی هاتووە.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، عەبادی بە وەفدی هەرێمی راگەیاندووە كە حكومەت بەردەوام دبێت لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەر بستێكی عێراقدا، وتیشی، "پەیامەكەی عەبادی توند بووە و ئەنجامەكانیشی پێچەوانەوەی خواستی وەفدەكەی كوردبووە، كە دەیانویست هەندێك سازشیان دەستبكەوێت".

پێشتر نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە عەبادی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی هەرێمی كوردستاندا جەختیكردۆتەوە لەسەر كاراكردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستاندا، لەنێویشیاندا دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان.

ئەوەشیخستەڕوو كە حكومەتی بەغدا پابەندە بەو سنوورەی كە دەستوور بۆ هەرێمی كوردستانی دیاریكردووەو دەبێت نەوتیش تەنها لەرێی حكومەتی فیدراڵییەوە هەناردە بكرێت.



PM:09:07:20/01/2018