وەفدی هەرێم لە بەرپرسانی حكومەتی ئێران كۆبووەوە

پێش نیوەرۆی‌ ئەمرۆ شەممە، وەفدی‌ باڵای‌ حكومەتی‌ هەرێم لەگەڵ سەرۆك كۆماری‌ ئێران و سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ ئێران كۆبونەوە و بەرپرسانی ئێران پێشوازی لە هەڵوێستی نوێی حكەومەتی هەرێم دەكەن

میدیا ئێرانییەكان بڵاویانكردەوە لەیەكەم چالاكی‌ سەردانەكەیاندا وەفدی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەگەڵ هەریەك لە حەسەن رۆحانی‌ سەرۆك كۆماری‌ ئێران و شەمخانی‌ سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ ئێران كۆبونەتەوە.

عەلی‌ شەمخانی‌ لەبارەی‌ كۆبونەوەكەی‌ لەگەڵ بەرپرسانی‌ باڵای‌ هەرێم ڕایگەیاندووە ‌"هەرێمی‌ كوردستان سیاسەتێكی‌ نوێی‌ دەستپێكردووەو پێشوازی‌ لێدەكەین".

وەفدی هەرێم دوو رۆژ لەئێران دەمێننەوە و چەندین كۆبونەوەی‌ تر لەگەڵ عەلی‌ لاریجانی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ ئێران و بەشێكی‌ تر لە گەورە بەرپرسانی‌ ئەو ووڵاتە ئەنجام دەدەن.

فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەت یاوەری نێچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵەبانی‌ دەكەن.

سەردانی‌ ئەمجارەی‌ هەریەك لەنیچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵەبانی‌ بۆ ئێران دوای‌ هەنگاوەكانی‌ ئەو دوو كەسایەتییە باڵایەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆ چاككردنەوەی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم و وڵاتانی‌ دەرەوە دێت، كە لەدوای‌ ریفراندۆم  رووبەروی‌ ئاڵۆزی‌ ناوخۆیی‌ و ئیقلیمی‌ و جیهانی‌ بۆتەوە.

دوێنێ‌ حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق، پێشوازی‌ كرد لە نیچیرڤان بارزانی‌ و قوباد تاڵەبانی‌، دواتریش لەسەر كۆبونەوەكە نوسینگەی‌ عەبادی‌ ڕاگەیاندراوێكی‌ بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی كۆبونەوەكە عەبادی‌ لەكۆبونەوەكەدا داوای‌ كردووە كە بەنزیكترین كات دەسەڵاتی‌ خاڵە سنورییەكان و فرۆكەخانەكان بدەنەوە بە دەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەندی‌ و هەروەها داوای‌ كردووە ئەو نەوتەی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان دەردەهێنرێت ڕادەستی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ بكرێت و تەنها لەرێگەی‌ كۆمپانیایی‌ سۆمۆوە هەناردە بكرێت.

سەبارەت بەمووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان عەبادی‌ بە پێویستی زانیوە لیژنەكان كارەكانیا تەواو بكەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێردرێت و جەختیشی لەسەر پەلەكردن لەو پرسەدا كردووەتەوە.



PM:01:03:21/01/2018