یەپەگە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگە لە کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، کە لە ئێوارەی دوێنێوە تا ئێستا ١٠ چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا و و ٤ سەربازی تورک کوژراون.


ئەمڕۆ، فەرماندەیی یەپەگە لە کانتۆنی عەفرین، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە ئەنجامەکانی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ئێوارەی دوێنێوە تا ئێستا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بڵاوکردەوە.

فەرماندەیی یەپەگەی عەفرین ڕایگەیاند: سوپای تورک بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر کانتۆنی عەفرین و ١٠٨ جار عەفرینیان بۆردوومان کرد، گەلەکەمان و شەرڤانەکانمان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا بەرخۆدان دەکەن، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تا ئێستا ١٣ هاوڵاتی برینداربوون، کە دۆخی تەندروستی سێ لەوان زۆر ناجێگیرە، هەروەها شەش هاوڵاتیش شەهیدبوون.

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەی یەپەگەدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "ئێوارەی دوێنێ سوپای تورک لە دەوروبەری شارۆچکەی شەرا هێرشیان کردە سەر ١١ خاڵی هێزەکانمان، لە شارۆچکەکانی بلبلێ و ڕاجۆوە هەوڵیاندا سنوورەکانی عەفرین تێپەڕبکەن، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی سوپای تورکدا بۆ سەر ئەو ناوچانە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان گەیشتووە، شەرڤانانمان وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە و لە چەندین شوێن شەڕ و پێکدادانی قورس لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکان و سەربازەکانی سوپای تورکدا ئەنجامدرا، لە ناوچەی بەدریخانی سەربە جندرێس لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای تورکدا سێ لە هەڤاڵانمان شەهیدبوون"

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەی یەپەگەی عەفریندا هاتووە: سوپای تورک و چەتەکانی لە دەوروبەریی جندرێس ٩٠ تۆپیان
هاویشتووەتە سەر ١٠ خاڵی هێزەکانمان، لە ئەنجامی تۆپبارانەکانیان بۆ سەر خاڵەکانمان لە شێراوا و ڕاجۆ و بلبلێشدا سێ هەڤاڵی دیکەمان شەهیدبوون، لە شەهبا هێرشیان کردە سەر خاڵەکانمان، هێزەکانمان وەڵامیان دانەوە هێرشەکەیان تێکشکاندن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە درا: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٨:٠٠ لە نێوان هێزەکانمان و هێزەکانی سوپای تورک کە هەوڵیان دەدا لە بلبلێوە سنوورەکانی عەفرین ببەزێنن شەڕێک ڕوویدا، شەڕڤانەکانمان وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوە و هێزەکانی سوپای تورک پاشەکشەیان کرد، هێرشەکانی سوپای تورک لە شەرا-شەوە شکستیان هێنا و ناچاربوون پاشەکشە بکەن، لەلایەکی دیکەوە
لە بلبلێ تانکێک و لە شەرا دوو تانکی سوپای تورک تێکشکێندراون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی فەرماندەیی یەپەگەی عەفریندا هاتووە: تا ئەو شوێنەی بۆمان ڕوونبووەتەوە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی هێزەکانمان لەگەڵ چەتەکانی سەر بە سوپای تورک، ١٠ چەتە کوژراون و ٢٠ چەتەی دیکەش برینداربوون، لەلایەکی دیکەوە ٤ سەربازی تورکیش کوژراون.

هاوکات کەمێک لەمەوبەر هێزەکانی سوریای ئازاد کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن ڕایگەیاند "نزیکەی 25 هەزار چەکدارمان لە شەڕی عەفرین بەشدارە".



PM:05:03:21/01/2018