ئاماری زیانەكانی سوپای توركیا بڵاودەكرێتەوە

شەڕو پێكدادان لەنێوان توركیا و شەڕڤانانی یەپەگە لە عەفرین بەردەوامە و بەگوێرەی نوێترین ئاماریش، سوپای توركیا و سوپای سوریای ئازاد زیانێكی گەورەیان بەركەوتووە.


تۆڕی هەواڵی عەفرین بڵاویكردەوە، تائێستا سوپای توركیا بەهاوكاری بەرەی نوسڕە، چوار هێرشی زەمینییان بۆ چوونە ناو شاری عەفرین ئەنجامداوەو لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژەوە تێكشكێندراون.

ئەوەشی ئاشکراکردووە "دەیان سەربازی سوپای توركیا لەكاتی هەوڵدان بۆ چوونە ناو گوندی راجۆی عەفرین، كوژراون و ژمارەیەكی زۆرتریش برینداربوون و 10 سەربازیش بەدیلی كەوتوونەتە دەست شەڕڤانان، هەروەها كۆپتەرێك و 8 تانكی سەربازی و 6 هەمەر تێكشكێندراون و 31 ئۆتۆمبیلی سەربازیی دیكەش سوتێنراون".

بەپێی هەمان سەرچاوە، "شەڕڤانان هێرشێكی گروپی تیرۆریستی بەرەی نوسڕەی هاوپەیمانی توركیایان بۆ دزەكردنە ناو گوندەكانی عەفرین تێكشكاندووەو 38 چەكداری ئەو گروپە كوژراون و ژمارەیەكیشیان بەدیل گیراون".

لەبارەی زیانەكانی شەڕڤانان و هاوڵاتیانی مەدەنیش لەئەنجامی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا، ئامارەكە دەریخستووە تائێستا سێ شەڕڤان شەهیدبوون و 12ی دیكەش بریندار بوون، هەروەك ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنیش شەهید و بریندار بوون.



PM:09:35:21/01/2018