یەکێتی مامۆستایان داوایەک ئاڕاستەی مامۆستایان دەکات

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا لە مامۆستایان و چین و توێژەكان دەكات بۆ پشتگیری كانتۆنی عەفرین بەشداری خۆپیشاندانی سبەینێی شاری سلێمانی بكەن.


بەگوێرەی راگەیەندراوێكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "سپی میدیا" نێردراوە رایانگەیاندووە "وەك ئاگادارن هێرشی دوژمنكارانە و نامرۆڤانەی لەشكری تورك و بەكرێگیراوەكانی بۆ سەر كانتۆنی عەفرینی خۆڕاگر كە 10 رۆژی تێپەڕاندووە، بەڵام كاردانەوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەكە تائێستا بێدەنگی تێنەپەڕاندووە، خەریكە جارێكی دیكە كارەسات و تراژیدیایەكی دیكە بەسەر گەلی كوردماندا دێنن و دام و دەزگا فەرمییەكانی هەرێمیش تائێستا بێدەنگن".

لەراگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە "چۆن دڵنیاین لە گیانی بەرەنگاری و فیداكاری برایان و خوشكانمان لە كانتۆنی عەفرین كە هەمان ئامانجی كۆبانێی لێ چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام پێمانوایە پشتگیری و پاڵپشتی هەموو لایەكمان ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی و ئاینییە لە پێناو بەرپەرچدانەوەی هێرشی ناڕەوای تورك و بیری فراوانخوازی دوژمنكارانەی ئەردۆغان و بەكرێگیراوەكانی".

لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایان سەرەڕای ئیدانە و رەتكردنەوەی ئەو كردەوە نامرۆڤانە و دوژمنكارانەی رژێمی توركیا، داوا لە مامۆستایان و چین و توێژەكان دەكات سبەینێ بەشداری لە خۆپیشاندانی پشتگیری عەفرین لەشاری سلێمانی بكەن.

بڕیارە سبەی کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ له‌شاری سلێمانی خۆپیشاندانێكی به‌رفراوان به‌به‌شداری سه‌رجه‌م چین‌و توێژه‌كانی شاره‌كه‌، بۆ پاڵپشتی له‌شاری عه‌فرین به‌ڕێوه‌ده‌چێت و بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەت وەرگیراوە.



PM:11:12:28/01/2018