ئەمریکا لەبارەی مەنبەجەوە دوابڕیاریدا


دواى ئەوەى تورکیا داواى لە ئەمریکا کرد بە زوویى هێزەکانیان لە منبج بکشێننەوە، فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکا ڕایگەیاند "لە مەنبەج ناکشێینەوە


ئەمڕۆ جۆزێف ڤۆتێڵ فەرماندەى فەرماندەیى ناوەندیى هێزەکانى ئەمریکا (CENTCOM) لە لێدوانێکیدا بۆ کەنالى سی ئێن ئێنى ئەمریکی لەبارەى داواى تورکیا بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە منبج، ڕایگەیاند، بیر لەوە ناکەنەوە کە هێزەکانیانیان لە منبج بکشێننەوە.

هاوکات بەرپرسێکى سەربازیى ئەمریکا بە سی ئێن ئێنى ڕاگەیاندووە، ئەمریکا لە شارێکی ستراتیژی وەک منبج لە باکوورى سوریا ناکشێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیرى دەرەوەى تورکیا ڕایگەیاند دەبێت ئەمریکا پشتیوانى لە شەڕڤانان نەکات و چەکەکانیان لێوەربگرێتەوە و هێزەکانیشى لە منبج بکشێنێتەوە، هەروەها ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو، لە دواى عەفرین هێرش دەکەن سەر منبج و داگیرى دەکەن.

منبج دەکەوێتە دیوى ڕۆژئاواى ڕووبارى فورات و باشوورى جەرابلوس و ڕۆژهەڵاتى شارى باب لە نێوان کانتۆنەکانى عەفرین و کۆبانیدا، شەڕڤانان لە دواى ٧٣ ڕۆژ شەڕکردن لە دژى چەکدارانى داعش ڕۆژى ١٢ى ئابی ٢٠١٦ ئەو شارە و زیاتر لە ٢٠٠ گوند لە ڕووبەرى هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەدا بە تەواوەتى لەلایەن شەڕڤانەوە ڕزگارکرا و بەو هۆیەوە ١٤٠ هەزار هاووڵاتى ڕزگارکران، کە ٦٥ هەزار هاووڵاتییان لە ناو شارۆچکەى منبجدا بوون.



PM:03:07:29/01/2018