کەناڵی KNN بەکاتی دادەخرێت
سپی هۆکارەکەی بڵاودەکاتەوە

بەپێی راگەیاندراوێک بۆ ماوەیەکی کاتی لە کاتژمێر ١٢ ی ئەمشەوەوە کەناڵی KNN دادەخرێت، سپی هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.

لە راگەیاندنەکەی کەناڵەکەدا هاتووە " سەبارەت بە راگرتنی پەخشی کەناڵەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنینکی و بۆ ماوەیەکی کاتی"، تیایدا هاتووە " بینەرانی بەڕێز سڵاوتان لێبێت لەگەڵ ئەوەی ماوەی نۆ ساڵە کەناڵی KNN لەخزمەتی هاوڵاتیاندا کارو بەرنامەکانی خۆی پەخشکردووە بەدرێژی ئەو هەمو ساڵەش بەهاوکاری کارمەندانی کەنەڵەکەمان، KNN  گوێی نەداوە بەهەمو ئەو هەوراز و نشێویانەی کە هاتونەتە ڕێگەی بەردەوامیش بووە لەدەرخستنی ئەو راستیانەی کەلەلای خەڵک شاراوە بوون وەک بودجە و رۆڵی پەرلەمان وهەموو ئەو گەندەڵی و بەهەدەردانانەی لە سەروەت ‌و سامانی ئەم ولاتەدا دەکرا ئێستاش بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە لە کاتژمێر 12 ئەمشەوەوە پەخشی بەرنامەکانمان بۆماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەڵێن دەدەین لەداهاتوو یەکی نزیکدا بە وەرزێکی نوێوە دەست پێدەکەیەنەوە سوپاس بۆ پشتیوانی و خەمخۆروی دڵسۆزی ئێوە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی کەناڵەکە بڕیاری داوە پێگەی کەناڵەکەیان لەم قەمەرەی ئێستا بگوازنەوە بۆ قەمەرێکی تر.
kNN لەسەر قەمەرێکە کە موڵکیەتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دامەزراوەی NRT و، ئەگەر لەسەر ئەو قەمەرە بمێنێتەوە دەبێت ساڵانە لەسەرەتا ساڵدا پارەی دابینکردنی ئەو شوێنە بدات کە ٣٠٠ هەزار دۆلارە، بەڵام دیارە ئەو کەناڵە بڕیاری داوە قەمەرەکەی بگۆڕێت، بۆیە بۆ ماوەیەکی کاتی کەناڵەکە رادەگیرێت.



PM:08:48:31/01/2018