سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا لەبارەی داخستنی KNNوە ڕوونکردنەوە دەدات


سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا لەبارەی داخستنی کەناڵی KNN وە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "جگە لە KNN هاوکاری چەندین کەناڵی دیکەمان کردووە".

ئاوات عەلی، لە ڕوونکردنەوەکەیدا ڕایگەیاندووە "وەک دامەزراوەی میدیایی نالیا پارەی موچەی کارمەندانمان کۆکردبوەوە کە سەرفی کەین ، بەڵام کەناڵی کەی ئێن ئێن پێیان راگەیاندین کە پارەی فریکوێنسیان نیە".

هاوکات ئاوات عەلی بە سپی ڕاگەیاند "ئێستاش ئەگەر دەیانەوێت ئەوا بۆ ماوەی یەک ساڵ ئێمە پارەی فریکیۆنسیەکەیان بۆ دەدەین و ناهێڵین کەناڵەکەیان هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست ببێت".

دەقی ڕوونکردنەوەکە:

تەنها بۆ مێژوو

2017/12/31 ئێمە وەک دامەزراوەی میدیایی نالیا پارەی موچەی کارمەندانمان کۆکردبوەوە کە سەرفی کەین ، بەڵام کەناڵی کەی ئێن ئێن پێیان راگەیاندین کە پارەی فریکوێنسیان نیە (چونکە دەبوو لە 12/31 گرێبەستەکەیان نوێ بکردایەتەوە و پارەی ساڵێکیان بدایە )  ، بۆیە ئێمە پارەی موچەی کارمەندەکانی خۆمان دوا خست بۆ ماوەیەک و لە بری ئەوە  پارەی فریکوێنسی و تەلەپۆرتی کەناڵی کەی ئێن ئێنمان سەرف کرد و بریاریشمان دا بۆ تەواوی ئەمساڵ پارەیان لێ نەسەنین و هاوکاریان بکەین و لە کۆتایی ساڵدا ئەگەر پارەیان هەبو بیدەن  .

ئەمە بڵاو ناکەمەوە وەک ئەوەی کارێکی گەورەمان کردبێت ، بەڵکو پێمان وا بوە هاوکاری ئەو کەناڵە و هاوڕێکانمان ئەرکێکی ئەخلاقییە ، بەڵام بە راستی من وەک سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا کە خۆم بەرێز کاک عومەری سەید عەلیم بینیوە و خۆم ئەم نوسراوەم واژۆ کردوە (کە لە بەروارى ٢٨/١٢/٢٠١٧ واژۆکراوە ) ، پێم ناخۆشە ئێستا لێرە و لەوێ لە بری سوپاس ، یان تەنانەت لە بری بێ دەنگی ، دەبیستین کە تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی ئێمە هاوکاریمان نەکردوون .

وە بۆ مێژویش ، تەنها هاوکاری کەی ئێن ئێنمان نەکردوە ، راستە مەبلەغەکەی کەی ئێن ئێن بۆ ساڵەکە زۆرە کە بری ٣٠٠ هەزار دۆلارە (٣٠ دەفتەر ) وە ساڵی پاریش ٥٠،٠٠٠ دۆلارمان خاتر گرتون ، بەڵام کەم تا زۆر  هاوکاری کەناڵەکانی تریشمان کردوە ، لە نێویاندا : رێگا ، ئامۆژگاری ، پەیام .

هیوادارم هەمومان پێکەوە بتوانین بە دوای خاڵە هاوبەشەکانماندا بگەڕێین ، خاڵە باشەکانی یەکترمان لە یاد بێت ، نەک رق و کینە بڵاو بکەینەوە . پێزانینمان هەبێت بۆ هاوکاری یەکتر ، نەک پێچەوانەکەی .

ریز و خۆشەویستیمان بۆ هەمو لایەک .

ئاوات عەلی
سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا



PM:03:17:01/02/2018