تورکیا هەڕەشە لە سەربازانی ئەمریکا دەکات


تورکیا هەڕەشەى درێژکردنەوەى پڕۆسە سەربازییەکەى دەکات دژى یەپەگە و هۆشداریش دەدات لە بەئامانجگرتنی هێزەکانى ئەمریکا لە ناوچەکە ئەگەر جلوبەرگى سەربازیی یەپەگە بپۆشن.

بەکر بۆزداغ ،جێگرى سەرۆک وەزیرانى تورکیا بە کەناڵى سی ئێن ئێن تورکى ڕاگەیاند، ئەگەر یەپەگە لە مەنبەج نەکشێتەوە، ناچاردەبن بچن بەرەو سنورى ئەو شارە و ڕۆژهەڵاتى فورات

جەختیشیکردەوە، "تورکیا هیچ بەرەنگاربوونەوەیەکى ناوێت لەگەڵ هێزەکانى ئەمریکا، بەڵام ئەو سەربازە ئەمریکییانەى بە جلوبەرگى سەربازى یەپەگەوە دەردەکەون، بەدیل دەگیرێن و لەکاتى هێرشى سوپادا ناتوانن جیایان بکەنەوە".

یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە)، کۆنتڕۆڵى شارى مەنبەج-یان بەدەستەوەیە کە گرنگییەکى ستراتیژى هەیە لەگەڵ ڕوبەرێکى زۆر لە ڕۆژهەڵاتى فورات تا درێژدەبێتەوە بەرەو سنورى عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە 20ی كانوونی دووەمی 2018وە سوپای توركیا بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "چلی زەیتون" هێرشی بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی و شەڕڤان شەهید و برینداربوون و ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کوژراون و برینداربوون.



PM:06:52:04/02/2018